جۆو بایدن: هەوڵی ڕاگرتنی شەڕ لە غەززەش دەدەین

جۆ بایدن
جۆ بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لوبنان و ئیسرائیل لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێککەوتن، ئەگەر حزبوڵلا رێککەوتنەکە پێشێل بکات، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی بکات.

 جۆو بایدن،  ئاماژەی بەوەش دا "خەڵکی غەززەش هاوشێوەی لوبنان مافی خۆیانە شەڕ ڕاگیرێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەوڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستە، چڕدەکەنەوە."  

جۆو بایدن، گوتی: "چەند هەواڵێکی خۆشم لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیە، قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و لوبنان کرد، دڵخۆشم بەوەی هەردوو حکوومەت ڕێککەوتوون و کۆتایی بە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا دەهێنن."

بایدن گوتی: "با ڕوونی بکەمەوە، ئەگەر حزبوڵلا و هەر لایەنێکی دیکە ڕێککەوتنەکە پێشێل بکات و هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات." گوتیشی: "هاوشێوەی خەڵکی لوبنان خەڵکی غەززەش شایەنی ئەوەن شەڕ راگیرێت و ئاسایشی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەمریکا لەگەڵ تورکیا، میسر، قەتەر و ئیسرائیل هەوڵێکی دیکەی ڕژد دەدات بۆ ئەوەی ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیێنرێت، حەماس بژاردەیەکی هەیە و دەبێت بارمتەکان ئازاد بکات، ئەوەش دەبێتە هۆی ڕاگەیاندنی ئاگربەست."

دوای نزیکەی 4 مانگ لە شەڕی نێوان حزبوڵلای لوبنانی و ئیسرائیل، بە دەستپێشخەریی ئەمەریکا و فەرەنسا، لوبنان و ئیسرائیل لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان، ڕێککەوتن، ئاگربەست بۆ 60 ڕۆژ بەردەوام دەبێت،. ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەش لە چەند خاڵێک پێک دێت، گرنگترینیان بریتیین لەوەی، حزبوڵلا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگرن و لە باشووری لوبنان بکشێنەوە، کۆنترۆڵی تەواوی وڵات و بەرهەمهێنانی چەک لەژێر دەسەڵات و سەرپەرشتیی حکوومەتی لوبنان بێت.