بەهای لیرەی سووری داڕما
.

K24 - ھەولێر
بەهای لیرەی سووری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی داڕما، بەهای هەر لیرەیەک بەرامبەر دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ ئاستی 3200 لیرە دابەزی.
هەروەها نرخی یەک گرام زێڕ لە بازاڕەکانی رۆژئاوای کوردستان، گەیشتووەتە 150 هەزار لیرە.
پەیامنێری كوردستان24 لە قاملشۆ رایگەیاند، یەکەمجارە بەهای لیرە لە بازاڕەکانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەو ئاستە دابەزێت، ئەوەش گوزەرانی هاووڵاتییانی زۆر سەختکردووە، نرخەکان لە بازاڕ زۆر بەرزبوونەتەوە و خەڵک توانای کڕینی پێداویستی رۆژانەیان نەماوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێک لە دوکاندارەکانی دوکانەکانیان داخستووە، و چونکە بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا جێگیر نەماوە، لە کاتێکی زۆر کەمدا هەڵبەز و دابەزی گەورە تۆماردەکات. بە جۆرێک لە کەمتر لە هەفتەیەک 1000 لیرە بەرامبەر دۆلارێک دابەزیوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بردنە دەرەوەی دۆلاری بۆ دەرەوەی رۆژئاوای کوردستان قەدەغەکرد، رەوشەکە ئاڵۆزتر بووە و لیرە سووری زیاتر بەهاکەی لەدەستداوە.
هاوکات شارەزایانی ئابووری دەڵێن، بە سەپاندنی گەڕێکی دیکەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا، لیرە زیاتر بەهاکەی لەدەستدەدات.
ئەمە لە کاتێکدایە لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریا بەهای هەر دۆلارێک 47 لیرەی سووری بوو.