کوردستان24 لە ئابووریی کۆماری کوردستان دەکۆڵێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەم-2ـی رێبەندانی 2645ـی کوردی، 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە پێشەوایەتیی قازی محەمەد تێدەپەڕێت، کۆمارێک کە سەرکردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە. کۆمارەکە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد، تەمەنی کۆمارەکە هەر چەندە کورت بوو بەڵام لەرووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بوو و پشتی بە داهاتی ناوخۆ و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەبەست، هەر بە سیستەمی ئەو کاتەی ئێران باجی کۆ دەکردەوە بەڵام کەمی وەردەگرت و دادپەروەر بوو.
بەدەیان و بگرە سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و مێژوویی لەبارەی کۆمارەوە بڵاو کراوەتەوە بەڵام زانیارییەکان سەبارەت بە ئابووریی کۆمار زۆر کەمن، ساڵانە لە یادی دامەزراندنەکەیدا زیاتر باس لە رەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی ، سەربازی و رۆشنبیرییەکان کراوە، لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین باس لە ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتی کۆمار و سیستمی باج و بەرهەمهێنان لە سنووری کۆماری کوردستان بکەین کە سنووری دەسەڵاتی لە ورمێوە تاوەکو نزیک سنەی دەگرتەوە.
کۆماری کوردستان لە سەردەمێک دامەزرا، قەیرانی ئابووری تەنگی بە ناوچەکە هەڵچنیبوو، خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان لە کۆگاکان کەم ببوونەوە، مانەوەی سوپاکانی ئینگلیز لە باشوور و لەشکری سۆڤییەت لە باکوور بەتایبەتی لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ بارێکی زۆر گرانی خستبووە سەر ئابووریی ناوچەکە.
لەسەردەمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان تازە شەڕ کۆتایی هاتبوو و قۆناغێکی گرنگ لە قەیران و شەڕ و نەهامەتی بڕیبوو. ئابووریی ئەو کاتی کوردستان ئابوورییەک بوو لەسەر بنەمای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بازرگانی، لە سەرجەمیاندا شێوازی بەرهەمهێنان و ساغکردنەوە بەرهەم و دەسخستنی داهات کلاسیک بوو، شتێک بە ناوی بانک و دامەزراوەی گەورەی دارایی نەبوو و جگە لە هەندێک پیشەسازیی دەستی، شتێک بە ناوی پیشەسازی بە واتای ئەمڕۆ یان ئەو سەردەمی وڵاتە پێشکەوتووەکان نەبوو.
لەو 14 وەزارەتەی لە کابینەی دیموکراتی کۆماری مەهاباد دامەزرا لانی کەم پێنج وەزارەتیان پێوەندیی بە ئابوورییەوە هەبوو کە بریتی بوون لە وەزارەتەکانی، بازرگانی، کشتوکاڵ، کار، دارایی و ئابووری، حاجی بابە شێخ سیادەت سەرۆکوەزیران بوو، حاجی مستەفای داودی، وەزیری بازرگانی، مەحموود وەلیزادە، وەزیری کشتوکاڵ، خەلیلی خوسرەوی، وەزیری کار و ئەحمەدی ئیلاھی وەزیری دارایی و ئابووری بوون.
ئابووریی کۆمار
گرنگترین بەرهەمە ئابوورییەکانی ئەو کاتی کوردستان بریتی بوو لە گەنم، جۆ، تووتن، میوە و خوری و بەرهەمی ئاژەڵداری.
وەک دەزانرێت کۆمەڵگەی ئەوکاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و سیستمی کۆمەڵایەتی دەرەبەگایەتی بوو، ئاغا و دەرەبەگەکان هاوشيوەی هەر ناوچەیەکی تری ئێران و ناوچەکە خاوەنی زەوی و موڵکدار بوون، زۆربەی جووتیاران لەسەر زەوییەکانی ئاغا و دەرەبەگ کاریان دەکرد و ساڵانە بەشێکی بەرهەمەکەیان دەدایە دەرەبەگەکان.
بەهۆی شەڕی دووەمی جیهانی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان لە کۆگەکان بە تەواوی کەم ببوون و دەسەڵاتی تاران هەم لە رووی ئابووری هەم لەرووی سەربازی و هەم لەرووی سیاسی بە تەواوی لاواز ببوو.
پێشی راگەیاندنی کۆمار لە 22ـی کانوونی دووەمی 1946 هاوکات لەگەڵ دووی رێبەندان، لە مەهاباد و تەنانەت لە کۆتاییەکانی 1945 خەڵک دەست بەسەر دام و دەزگاکانی حکوومەتدا دەگرن بەڵام تاڵانی ناکەن و دەیخەنە خزمەتی کۆمار، ئەوکات کۆگاکانی مەهاباد پڕ بوون لە گەنم و ئەو تووتنەی پێشتر رژێمی پەهلەوی لە جووتیارانی وەرگرتبوو و حکوومەتی پاشایەتی پێشتر هەناردەی دەکرد ، بەڵام بەشێکی لە کۆگاکانی مەهاباد مابوونەوە و کۆماری کوردستان و بە سەرۆکایەتیی قازی محەمەد سوودی لەو سەرچاوە ئابوورییانە وەردەگرت.
دۆخی ئابووریی کوردستان زۆر لە تاران باشتر بوو چونکە بەرهەمی کشتوکاڵی وەک گەنم و تووتن لە کوردستانەوە بۆ تاران و شوينی تر دەڕۆیشت و کوردستان سەرچاوەیەکی سەرەکی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوو.
قەند"شەکر" ئەوەندە گران ببوو، بە هەموو کەسێک نەدەکڕدرا و ئەوەی لە کۆگاکانی تاران هەبوو بەشێکی بە کۆبۆن دەدرایە ئاغا و دەرەبەگەکان و دەسەڵاتی پاشایەتی دەیویست بەم شێوەیە لە خۆیانی نزیک بکاتەوە.
ئەنجوومەنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان مەهاباد و سۆڤییەت هەر لە میانەی جەنگ دامەزرابوو، ئاڵوگۆڕی بەرهەمی بازرگانی لە نێوان مەهاباد و تەورێز و یەکێتیی سۆڤییەت لەئارادابوو.
ئەسب و هيستر یەکێک لەو ئامرازە گرنگانەی گواستنەوە بوون کە داخوازییەکی زۆر لەسەریان هەبوو، کوردستان بەو ئاژەڵانە دەوڵەمەند بوو و هێزەکانی سۆڤیەت و ئینگلیز بۆ گواستنەوەی چەک و تفاقی سەربازی بە هەندێک شوین کەڵکیان لێی وەردەگرت و لە بازاڕەکان دابینیان دەکرد.
داهاتی کۆمار
جگە لەو بەرهەمانەی کۆمار خۆی دەیفرۆشت و لە بازاڕەکان ساغی دەکردەوە، هەناردەی یەکێتیی سۆڤییەت و بازاڕەکانی دیکەی دەکرد، داهاتێکی تری کۆمار پێوەندیدار بوو بە باج، لە دووکاندار و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکان وەردەگیرا.
لەگەڵ ئەمەدا بەهۆی ئەوەی کە خەڵک متمانەیەکی لەرادەبەدریان بە حکوومەتەکەیان هەبوو خەڵکێکی زۆر خۆبەخشانە بە بێ ئەوەی حکوومەت داوایان لێ بکات، موڵک و داهات و سەرمایەی خۆیان خستبووە خزمەتی کۆمار یان بەشێک لە داهاتەکەیان بە کۆمار دەدا.
ئاغاکان کۆگای گەورەی گەنمیان هەبووە و خۆیان بازرگان و خاوەن پارە و دەستڕۆیشتوو بوون و لەم روووەوە ژمارەیەک لە ئاغاکان یارمەتیی کۆماریان دەدا.
سیستمی باج لەو سەردەمە
سیستمی باجی کۆماری کوردستان هەمان سیستمی باجی سەردەمی قاجار و پەهلەوی بوو بەو جیاوازییە قەبارەی باجەکە کەمتر بوو و لە هەمان کاتدا بە فەرمانی قازی محەمەد وەرگرتنی زۆرەملێی باج لە خەڵكی قەدەغە کرابوو. پێشەوا پێی وابوو پێویستە باج هۆکارێک بێ بۆ خزمەت و نابێت بە هیچ شێوەیەک زۆرداری هەبێت و پێویستە دادپەروەری رەچاو بکرێت.
باجی ئاژەڵداری، مەڕ و ماڵات و گەنم و جۆ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و فرۆشگا و بازاڕەکان هەبوون بەڵام سەپاندن نەبوو و قەبارەی ئەو باجانەی وەردەگیران زۆر کەم بوون و هیچ بارێکی نەدەخستە سەر شانی ئەو کەسانەی باجەکەیان دەدا .
وەکو ئێستا نەبوو کە باج هەر بە پارە وەرگیرێت بەڵکوو بۆ نموونە لەسەر زەوی کاتێک بەرهەم کۆ دەکرایەوە ، ئەگەر گەنم یان جۆ یان تووتن بوایە هەر ئەو بەرهەمەشیان وەردەگرت و بۆ کۆگاکانی کۆمار دەگوازرایەوە.
تەنانەت زۆر کەس هەبووە باجی لەسەر نەبووە و ئامادە بووە خۆبەخشانە باج و ماڵیات بە حکوومەتی دیموکراتیکی ئەوکاتی کۆمار بدات و بە گیان وماڵی لە خزمەتی سەرخستنی کۆمارەکەیدا بووە.
پرسی گومرک و دەروازە بازرگانییەکان وەک ئێستا نەبوو، کۆمار جگە لە پەیوەندییەکی کلاسیکی بازرگانی کە بازرگانەکانی لەگەڵ شارەکاندا هەیبووە پەیوەندییە بازرگانییەکانی هاوشێوەی ئەمڕۆ نەبووە کە دەروازەی تایبەتی و گومرگ و رێوشوينی مۆدێرن لەئارادابن و زۆرینەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی کۆمار لەگەڵ لەگەڵ تەورێز و پایتەختی کۆماری ئازەربایجان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران و باکۆ و هەرێمەکانی یەکێتیی سۆڤییەتدا بووە .
خەرجکردنی داهات
کۆماری کوردستان بەشێک لەو داهاتەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمار و چاپ تەرخان دەکرد، بەشێکی دەدا بە فەرماندە و بەرپرسەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی ئەوانیش مانگانە بەسەر پێشمەرگەکاندا دابەشی بکەن.
ئەوکاتە نەسریە و بودجەی تایبەتی هەبووە و دراوەتە فەرماندەکان، بۆ نموونە حەمە رەشید خان کە لە جەبهەی باشووری سەرپەرشتیی هێزی پێشمەرگەی دەکرد، بەشێک لەو پارەیەی بۆ کڕینی تفاق و دابینکردنی چەک و پێداویستییەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکرد.
بەشێکی دیکەی ئەو داهاتە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمار و وەزارەتە خزمەتگوزاری و پەروەردەییەکان تەرخان دەکرا و خوێندنگە و فەرهەنگ و پەروەردە، فەرمانبەرانی حکوومەت، چاپ و راگەیاندن بودجەی تایبەتییان بۆ دیاری کرابوو.
بەگشتی، ئابووریی کۆماری کوردستان سەربەخۆ بوو و لەسەر پێی خۆی وەستابوو بەڵام ئابوورییەکی بەهێزی نەبوو و لە لایەن تاران جۆرێک گەمارۆی خرابووە سەر و ئەو شتومەک و پێداویستییانەی پێشتر حکوومەتی پاشایەتیی تاران بۆ شارەکانی دابین دەکرد بە تەواوی بڕدرابوون.
کۆماری کوردستان پێمان دەڵێت گرنگە لە رووی ئابوورییەوە ئەگەر لاوازیش بین بە کەم یان زۆر پشت بە سەرمایەی ناوخۆ و بە بەرهەمی ناوخۆمان ببەستین دۆلارێک کە لە ناوخۆ حکوومەت دەستی دەکەوێت بە بەهایەکی زیاتر لێی بڕوانێت، باج و کۆکردنەوەی داهات لەسەر بنەمای دادپەروەری بێت و بەگويرەی توانای بەرهەمهێنەر باج لەخەڵک بستێنرێت.