گۆڵدمان ساکس: نرخی زێڕ دەگاتە 5,400 دۆلار
دامەزراوەی دارایی و بانکی گۆڵدمان ساکس، پێشبینییەکانی بۆ نرخی زێڕ بەرزکردەوە و رایگەیاند؛ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەک دەگاتە 5,400 دۆلار، لەکاتێکدا پێشبینی پێشووی بانکەکە تەنیا 4,900 دۆلار بوو.
پێشبینیی گۆڵدمان ساکس دوای ئەوە هات، دوێنێ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، نرخی زێڕ لوتکەیەکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد و گەیشتە 4,887 دۆلار. لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە زیاتر لە 11% نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
شرۆڤەکارانی گۆڵدمان ساکس؛ بەردەوامی کڕینی زێڕ لەلایەن کەرتی تایبەت وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستن لە مەترسییە جیۆسیاسییەکان بە هۆکاری سەرەکی دەستنیشان دەکەن. هاوکات، بەردەوامی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکی ناوەندیی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بە هۆکارێکی دیکە دەبینن و پێشبینی دەکەن؛ بە تێکڕا مانگانە 60 تۆن زێڕ بکڕن بە مەبەستی هەمەجۆرکردنی یەدەگەکانیان و دوورکەوتنەوەیان لە دراوە کاغەزییەکان.
بە تەنیا گۆڵدمان ساکس، پێشبینی بەرزبوونەوە زیاتری نرخی زێر ناکات، زۆربەی دامەزراوە داراییە گەورەکانی جیهان لەسەر ئەم ئاراستەیەی نرخی زێڕ کۆکن و پێشبینییەکان بەم شێوەیەن؛ جەی پی مۆرگان 5,055 دۆلار، بانک ئۆف ئەمریکا 5,000 دۆلار، کۆمێرز بانک 4,900 دۆلار.
ئەم کۆدەنگییەی نێوان بانکە گەورەکانی جیهان نیشانەی ئەوەیە بازاڕەکانی جیهان متمانەیەکی زۆرییان بە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، وەک گرنگترین هەبووی دارایی بە تایبەت لە کاتی ناسەقامگیرییەکاندا.