حکوومەتی عێراق: داعشە بیانییەکان ڕادەستی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، رایگەیاند، سەرجەم ئەو داعشە بیانییانەی دەهێرێنە عێراق، ڕادەستی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە. 

هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، رایگەیاندووە، هەنگاوێکی پێشوەختەمان ناوە بە مەبەستی گواستنەوەی داعشە زیندانییەکانی سووریا بۆ عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی حەوت هەزار لە داعشە زیندانیکراوەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا تەنها 150 داعش گەیشتووەتە ناو خاکی عێراق. 

باسی لەوەشکردووە، سەرجەم داعشە زیندانیکراوەکان زانیارییەکانیان بە شێوەی داتابەیس تۆمارکراوە، بۆیە دەتوانین لێکۆڵینەوەی وورد لە بارەی ناسنامە و ڕەگەزنامەیانەوە ئەنجام بدەین، جەختی لەوەشکردووەتەوە، هەموو ئەو داعشانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان ڕەوانەی وڵاتی ڕەسەنی خۆیان دەکرێنەوە. 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش  150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە بۆ ئەو وڵاتە.

هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان، لە ساڵی 2025، زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە.