تریفە عەزیز: داوای پاراستنی خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوا دەکەین و پشتیوانی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپین
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات, زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس ئەنجام داوە و ئامانجی سەرەکییان پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوایە لە هەر مەترسییەک.
هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لێرەین بۆ ئەوەی شانبەشانی سەرکردەکانمان کار بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین.
ڕوونیشی کردەوە، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامە و تێیدا بە وردی دۆخی ڕۆژئاوایان بۆ ڕوون کردوونەتەوە. تریفە عەزیز گوتی: داوامان لێکردوون هاوکارمان بن و سەرنجیان بخەنە سەر دۆخەکە، تاوەکوو خەڵکی سڤیل و بێتاوانی ڕۆژئاوای کوردستان نەبنە قوربانی و ژیانیان پارێزراو بێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر دۆخەکە، تریفە عەزیز جەختی کردەوە: وەک حکوومەتی هەرێم، پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.