ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە جیهان هەشت ملیۆن کەسی تێپەڕاند
دوای 24 رۆژ لە نەبوونی هیچ حاڵەتێکی نوێی کۆرۆنا، لە نیوزلاند دوو تووشبووی نوێ تۆمارکران
K24 - هەولێر
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان هەشت ملیۆن کەسی تێپەڕاند و، دوای چەند هەفتەیەک لە تۆمارنەکردنی هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە نیوزلاند، دوو حاڵەتی نوێ تۆمارکران.
بەگوێرەی ئامارەکانی زانکۆی جۆنز هۆپکنزی ئەمریکی؛ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان هەشت ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، تائێستاش زیاتر لە 436 هەزار کەس لە جیهاندا بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکەش لە نیوزلاند، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە رایگەیاند دوای 24 رۆژ لە تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوو حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکرا، کە دوو ژنن، خزمی یەکدین و لە بەریتانیاوە گەڕاونەتەوە نیوزیلاند.
ئەو ئامارە لەکاتێکدایە هێشتا سەرکەوتنی تەواوی هیچ ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید19) لە جیهان رانەگەینراوە، ئەگەرچی چوار وڵاتی ئەوروپی لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی بەریتانیی تایبەت بە دروستکردنی دەرمان رێککەوتوون بۆ ئەوەی 400 ملیۆن ڤاکسینیان بۆ بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئەو ڤاکسینەش هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییە.
هـ.ر.