وێنەیەک لەبری هەزاران وشە

وێنەیەک لە کەرتی غەززە
وێنەیەک لە کەرتی غەززە

ئەو گوتەیە ڕاستە کە دەڵێت: وێنەیەک بەرامبەر هەزاران وشەیە، بەتایبەت کە هەزاران دیمەن دەبینی، شوێنی هەزار وشە پڕ دەکەنەوە، سەدان هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی چاوەڕێ دەکەن هەرچی زووترە بچنەوە سەر ماڵە ڕووخاوەکانیان لە کەرتی غەززە و هەر یەکێکیان دیمەنێک نیشان دەدەن و چیرۆکێکی تاڵ دەگێڕنەوە.

بەرەبەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممەی 26ـی کانوونی دووەمی 2025، هەزاران هاووڵاتی فەڵەستینی خۆیان گەیاندە شەقامی ڕەشید لە نزیک نەتساریم، چاوەڕێی ئەوە دەکەن سووپای ئیسرائیل ڕێگەیان پێبدات بگەڕێنەوە نێو غەززە و باکووری کەرتی  غەززە، دوای ئەو ئاگربەستەی چەند ڕۆژێکە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوە.

شەقامی ڕەشید بەدرێژی 3 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی زەهرا و دەورووبەری کەمپی نەسیرات لە ناوەڕاستی کەرتەکە، پڕبوو لە دەیان هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کە دیمەنەکان نیشانیان دەدا، منداڵەکانیان خستبووە باوەش و سەر ملیان لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی پێویستیانە، سەرباری ئەوەی سەدان ئۆتۆمبێل و گوێدرێژ دەبینران کەلوپەلی پێویست و چادر و شەربەی ئاویان بارکردبوو.

لە بەشێکی دیکەی وێنەکاندا دەردەکوت، دەیان ئاوارە لەنێو باخچەیەک دەبینران کە پێشتر ئیسرائیل بە فڕۆکە بۆردوومانی کردبوو، زۆرێک لە خانەوادە و خێزانەکان لەناوەڕاستی شەقامەکە و لێوارەکانی، لەنێو بەتانی و پێخەفەکانیان پاڵ کەوتبوون و چاوەڕیی کردنەوەی ڕێگەیان بوون، هەندێکی دیکەش جانتاکانیان کردبووە سەرین بۆ خۆیان.

سەعید ئەبو شەریعە کە تەمەنی 49 ساڵە و دەڵێت: لە دوێنێ شەممەوە هاتوومەتە ئێرە لە شەقامی ڕەشید و ناوچەی زەهرا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، هاوسەرەکەم و منداڵەکانم و دایکە بەتەمەنەکەم لەگەڵمن، سەرباری ئەو سەرمایەی هەیە، دەڵێت: لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاوارەی ناوچەی مەواسی خان یونس بووین لەنێو چادێرێکی زۆر خراپ، دوێنێ شەو ئەو چادرەشم سووتاند چونکە سیمبوڵی نەهامەتی و ناخۆشی بوو، گوتیشی: دەمەوێ بگەڕێمەوە ماڵەکەم کە ئیسرائیل وێرانی کردووە، سەرباری ئەوەی براکانم و کەسە نزیکەکانم لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران.

پۆلیسەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس داوایان لە هاووڵاتییان کرد لە نزیک بەربەستە سەربازییەکەی ئیسرائیل دوور بکەونەوە کە دوو زریپۆشی ئیسرائیلی ڕێڕەوی نەتساریمیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند درۆنێکی چاودێری بەردەوام بەسەر هاووڵاتییانی فەڵەستینی لەو ناوچەیە دەسووڕێنەوە، جار جارەش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی کەرتی غەززە دەسووڕێنەوە.

وێنەکان نیشانی دەدەن، لەسەر لێواری دەریا، دەیان منداڵی فەڵەستینی بە تۆپی لاستیک یاری دەکەن، دایکێکیش لەتەک ئۆتۆبێلێکدا پارچە قوماشێکی ڕاخستووە و منداڵەکانی لەخۆی کۆ کردووەتەوە و خواردنیان بۆ ئامادە دەکات، خواردنەکەش بریتیە لە نۆک و نان، لە دووری چەند مەترێکی دیکە دوو گەنج چای  لەسەر ڕەژوو ئامادەکەن، دەیان گەنجی دیکە لەو لاوە خۆبەخشانە ئاو بەسەر خەڵکەکە دابەش دەکەن، نانیش دەدەن بە منداڵەکان و ژنان و بەتەمەنەکان.