میز و شیری حوشتر لە کەرکووک دەفرۆشرێت و خواستی زۆریان لەسەرە
ژمارەیەک هاووڵاتیی پارێزگای سەڵاحەددین لە عێراق، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – بەغدا، میز و شیری حوشتر دەفرۆشن و خواستێکی زۆریان لەسەرە.
سەیف سامی، خاوەنی حوشترەکان، بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەرێمی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش دێن و میز و شیرەکە دەکڕن، بەڵام زۆرینەی کڕیارەکانمان خەڵکی بەغدا و سلێمانین."
وەکوو ئەوەی کڕیارەکان باسی دەکەن، تێکەڵکردنی میز و شیری حوشتر، چارەسەری چەندان نەخۆشی درێژخایەن دەکات، بەتایبەت شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پێست.
نازم ئەحمەد، کڕیارە و لە شاری سەڵاحەددینەوە هاتووە، بە گوتەی خۆی: "میز و شیری حوشتر باشترین چارەی سرووشتییە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و لە چارەی کیمیایی باشترە. نەخۆشمان هەیە، لە جیاتی چارەی کیمیایی، میز و شیری حوشتری پێ دەدەین و تەندروستی زۆر باشتر بووە."
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، بۆتڵێک میزی حوشتری لەگەڵ خۆی بردە تاقیگەیەک و پشکنینی بۆی کرد. د. محەممەد حوسێن، کە پشکنینی بۆ میزەکە کرد، گوتی: ئەنجامی پشکنینەکان دەیسەلمێنن، میزی حوشتر بە هیچ شێوەیەک تەندروست نییە و چەندەهان بەکتریا و ڤایرۆسی زیانبەخشی تێدایە. نەک بۆ نەخۆش، تەنانەت ئەگەر کەسێکی تەندروستیش بیخواتەوە، نەخۆشی دەکات.