بڕیارە حەماس تەرمی چوار بارمتە ڕادەستی ئیسرائیل بکات

بڕیارە حەماس لە پێناو ئازاد کردنی ئەو زیندانیانەی کە ئازاد کردنەکەیان دوا خراوە، تەرمی چوار بارمتە ڕادەستی ئیسرائیل بکات، بەمەش قۆناغی یەکەمی ئاگربەستە کۆتایی دێت.

چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس ڕایگەیاند "سبەی پێنجشەممە حەماس تەرمی چوار بارمتە ڕادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە، ئەمەش بەرانبەر بە ئازاد کردنی ئەو 620 زیندانییەی حەماسە کە ئیسرائیل ئازادکردنیانی دواخستووە."

لایخۆشیەوە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، ئەم شەو بەبێ هیچ ئاهەنگ گێڕانێک، حەماسە تەرمی چوار بەرمتە ڕادەستی وڵاتەکەی دەکات. 

حازم قاسم، دووپاتی کردەوە کە دەبێت وڵاتانی نێوەندگیر گەرەنتی بدەن لەوەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە میکانزمی نوێ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان.

هاوکات، ئەو گوتەبێژی حەماس هیچ وردەکارییەکەی دیکەی نەخستووەتە ڕوو.

هەروەها عەبدول لەتیف قەنوا، گوتەبێژێکی دیکەی حەماس ڕایگەیاند "ئالوگۆڕکردنی دیلەکان  بە میکانیزمێکی نوێ کە گەرەنتی پابەندبوونی ئیسرائیل دەکات، بەردەوام دەبێت."

عەبدول لەتیف قەنوا گوتیشی: میسر کە یەکێکە لە وڵاتانی نێوەندگیر، دڵنیایی لە ڕێککەوتنە نوێیەکە داوە و ئێمەش بەردەوام دەبین لە پابەند بوونمان بە ڕێککەوتننەکە.

بە گوێرەی ئەم ڕێککەوتنەش، قۆناغی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان کۆتایی پێدێت کە بریتیبوو لە لە ئازاد کردنی 33 بارمتەی ئیسرائیل لەلایەن حەماس، هاوکات ئیسرائیل هەزار و 737 زیندانی حەماس ئازاد دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئسرائیل بە بیانووی ئەوەی حەماس بە مەراسیمێکی ناشایستە بارمتەکانی ئازاد کردووە، ئازادکردنی 620 زیندانیی حەماسی دواخستووە.