فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا و هەولێر دەگەڕێنەوە سەرکارەکانیان

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر رایانگەیاند، فەرمانبەرانیان خەریکە وردە وردە دەگەڕێنەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لە وڵاتەکەدا.

باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا و هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، راگەیەندراوێکیی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لە ئێستا فەرمانبەرانیان خەریکی گەڕانەوەن بۆ سەر کارەکانیان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان.

سەبارەت بە پرسی ڤیزا و کاروباری کونسوڵخانە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی بەردەوامی پرسیاری هاووڵاتیان لەسەر بەشی ڤیزا، پێویستە روونی بکەینەوە ئێستا لە دۆخێکدا نین بتوانن وادەیەکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی ئەو بەشانە دەستنیشان بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ستافی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا و کونسوڵگەری گشتی لە هەولێر، خەریکی ئامادەکاری پێویستن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان، بەڵام بۆ کاروباری ڤیزە هێشتا وادەکە دیار نییە."

جەختیشی کردەوە، لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی و هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاووڵاتیان لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان ئاگادار دەکەنەوە.