200 ڕۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون
لەوەتەی شەڕی کەرتی غەززە هەڵگیرساوە، سەندیکاکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەیەک پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییان تۆمارکردووە و دەڵێن: دەیان هەزار فەلەستینی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران و برینداربوون.
ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە "یەکەم جەنگی قڕکردن ناو دەبەن." کە زیانێکی گەورە و بێ وێنەی بە پزیشکان و فریاگوزاران و شارەزایان و تەنانەت ڕۆژنامەنووسانیش گەیاندووە، لە کاتێکدا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، لە بارودۆخی جەنگدا پێویستە ڕۆژنامەنووسان بپارێزرێن و ڕێگەیان پێبدرێت هەواڵەکانی جەنگ ڕووماڵ بکەن و وێنە ڕاستەکانی جەنگ بگەیەننە جیهان.
لەوەتەی شەڕ لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 لە غەززە دەستیپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 200 رۆژنامەنووس کوژراون، بەپێی ئامارەکانی دامەزراوە تەندروستییەکانی فەڵەستین و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، لەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و بەتایبەت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زۆرترین ڕۆژنامەنووس بەراورد بەو وڵاتانەی شەڕ و پێکدادنیان تێدایە، کوژراون.
بەپێی ئاماری کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری و مرۆیی، ئەو ژمارەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە .
ئەم لێکۆڵینەوەیە، بەشی دووەمی لێکۆڵینەوەیەکی فراوانترە کە بەشی یەکەمی لە مانگی حوزەیرانی 2024 لەبارەی کوشتنی رۆژنامەنووسان بڵاو کرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بەرپرسیارەتی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان دەخاتە ئەستۆی ئیسرائیل.
زیاتر لە 40 رۆژنامەنووس لە 12 دەزگای ڕاگەیاندنی جیاواز بەشدارییان لەم لێکۆڵینەوەیە هاوبەشەدا کردووە و باس لەوە دەکەن، چۆن سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکاتە ئامانج.