شەهباز شەریف و پزیشکیان جەختیان لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە
سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژخایەندا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری تاوتوێ کرد. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی دیالۆگی بەردەوام کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان راگەیەندراوێکی بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 50 خولەکیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، ستایشی هەڵوێستی تارانی کرد بۆ بەشداریی لە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد. سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵە راستگۆیانەکانی بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان.
شەهباز شەریف ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی خەریکە دروست دەبێت بۆ پشتگیریکردن لە رێگەچارەی دیپلۆماسی. هەروەها، هەردوولا ستایشی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی عاسیم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیان کرد کە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە خستنەڕووی نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی.
لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سوپاسی حکوومەت و سەرکردایەتی سوپای پاکستانی کرد بۆ هەوڵە جددییەکانیان لە پرۆسەی نێوەندگیریدا. پزیشکیان جەختی کردەوە ئێران خوازیاری ئاشتییە و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە برایانەکانی لەگەڵ پاکستان دووپات کردەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: گفتوگۆیەکی وردی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، ئەنجامداوە سەبارەت بە بارودۆخی پڕ لە گۆڕانکاریی ناوچەکە. لەو پەیوەندییەدا، شەهباز شەریف ستایشی هەڵوێستی تارانی کرد بۆ بەردەوامبوون لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەت ناردنی شاندێکی باڵا بۆ ئیسلامئاباد بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە،
شەهباز شەریف دووپاتی کردەوە وڵاتەکەی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات و گوتی: "بە پشتیوانیی دۆست و هاوبەشەکانمان، پاکستان پابەند دەمێنێتەوە بەوەی وەک نێوەندگیرێکی ڕاستگۆ و دڵسۆز خزمەت بکات." ئاماژەی بەوەش کرد ئیسلامئاباد بێوچان کار دەکات بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و دابینکردنی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتن دەرکەوتووە و هەوڵ دەدات رێگری بکات لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.