زێلێنسکی: لە بارەی ڕێککەوتننامەی کانزایی پێشنیازێکی نوێمان لەلایەن ئەمەریکا پێ گەشتووە

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا چیتر بە خۆڕایی هاوکاری پێشکەش به‌ وڵاتەکەمان ناکات، هاوکات لە بارەی ڕێککەوتنامەی کانزایی پێشنیازێکی نوێمان لەلایەن ئەمەریکا پێ گەشتووە؛ دەشڵێت، پوتین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ من دەترسێت.

هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێشنیازێکی نوێ بە ناوەڕۆکێکی نوێ لەبارەی ڕێککەوتنی کانزا پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.

هەروەها لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئۆکرانیا خۆی بە قەرزداری ئەمەریکا نابینێت، ئەمەریکاش بە خۆڕایی هاوکاری پێشکەش ناکات. 

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی دا، لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە ڕەزامەندی وەگرتووە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەرهەم بهێنێن، بەڵام ئەمەریکا ڕەتی کردووتەوە. 

هاوکات زێلێنسکی لە بارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا گوتی: پوتین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ من دەترسێت.

لای خۆیشییەوە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا داوای هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا دەکات و بەڵێنیش دەدات کۆتایی بە سوپای ئۆکرانیا بێنێت.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی ڕایگەیاند، لەسەر کانزا دەگمەنەکان ڕێک کەوتین و لە نزیکترین کاتدا ئیمزای دەکەین.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا بە ڕژدی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی جەنگیی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕابگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەفتەی ڕابردوو شاندەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ شاندی ئەمەریکا لە ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه‌ چەند کۆبوونەوه‌یەکیان کرد.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونه‌ته‌ ڕێککەوتن کە کەشتییەکانیان لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ڕێگریی لە جووڵه‌ی ده‌ریایی یەکدی نەکەن.