میدیای ئێران: گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا، لە ڕۆما دەبێت
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئێران 'ئیرنا' بڵاوی کردووەتەوە، گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە عوممان نابێت، بەڵکوو لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئێران "ئیرنا" بڵاوی کردووەتەوە، گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، شەممەی داهاتوو لە ڕۆما دەبێت.
پێشتر، بەرپرسانی ئەورووپا ڕایانگەیاندبوو، دانوستانەکە لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەپرسانی ئێران ڕەتیان دەکردووە و دووپاتیان دەکردووە کە لە عوممان دەبێت.
هەروەها ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی دووپاتی کردووە کە کۆبوونەوەکە لە ڕۆما دەبێت.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی "لە دیبلۆماسیدا، هەنگاوێکی لەم شێوەییە وەکوو هەڕەشە وایە، دەکرێت ئەمە وەکوو نیشانەی نیەتێکی خراپ و نەبوونی جددییەت سەیر بکرێت."
14ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوت "گهڕی دووهمی دانوستانهكانیان لهگهڵ شاندی ئهمهریكی له ئاییندهیهكی نزیكدا له ڕۆما بهڕێوه دهچێت.
ڕۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025، شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بە نێوەندگیریی عوممان، لە مەسقەت کۆ بوونەوە.