موقتەدا سەدر داوایەکی سەرۆکی کۆماری عێراق ڕەت دەکاتەوە
سەرۆک کۆماری عێراق نامەیەکی بۆ ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە ناردووە و تێیدا داوای کردووە بە بڕیاری بەشداریی نەکردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراقدا بچێتەوە و پەشیمان بێتەوە، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعەش دەڵێت: لەگەڵ گەندەڵکاران و دزانی سەدە بەشداریی ئەو پرۆسەیە ناکەم.
ڕۆژی 16ـی نیسانی 2025، عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق نامەیەکی بۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوورکەوتنەوەی ڕەوتی نیشتمانی شیعە لە پرۆسەی سیاسی عێراق کەم و کوڕیە و داوا دەکات بە بڕیاری بەشداریی نەکردنیدا بچێتەوە چونکە عێراق پێویستی بە خزمەتگوزاریی و ئاوەدانییە.
لە وەڵامی نامەکەی سەرۆک کۆماردا، موقتەدا سەدر، ڕیبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە دەڵێت: بۆ ئەوە لە هەڵبژاردن دوور نەکەوتمەوە تا هەڵبژاردن دوا بخەم یاخود هەڵیپەسێرم، من لەگەڵ دزانی سەدە و دوژمنانی نیشتمان ناچمە نێو پرۆسەیەکی سیاسی، بەڵکو وەک سەربازێکی نیشتمان دەمێنمەوە.
هەر لەو نامەیەدا سەدر دەڵێت: عێراق لە ئەستۆی ئێوەیە، پاراستنی پیرۆزییەکان و پێکهاتەکان لە ئەستۆی ئێوەیە، کەس ناتوانێت ڕزگارتان بکات ئەگەر سەرکەوتوو نەبن.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، ڕۆژی 27ـی ئاداری 2025 پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: بەشداریی پرۆسەی داهاتووی سیاسی عێراق ناکات کە تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی تائیفی و حزبییە.
جەختی لەوەش کردبووەوە پابەند دەبن بە خواست و فەرمایشتی بنکەی جەماوەریی خۆیان، هەروەها پابەندیی قوربانیی و ئەو خۆشەویستییە دەبن کە جەماوەر بۆ ئەوان هەیانە.
هەر لەبارەی هەڵبژرادنەوەی پەرلەمانی عێراق، سەدر گوتبووی، سوودی چییە بەشداریی لە پرۆسەیەکدا بکەین کە گەندەڵکاران تێیدان و هەژموونی دەرەکی دەستی بەسەر جوومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە.