نەتەوە یەکگرتووەکان: پلانمان هەیە لە ژمارەیەک سێکتەری جیاواز هاوکاریی سووریا بکەین

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پلانێکیان هەیە لە ماوەی سێ ساڵدا بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار لە چەند سێکتەرێکی جیاواز هاوکاریی سووریا بکەن.

هەینی، 19ـی نیسانی 2025،  عەبدوڵڵا دەرداری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی پرۆگرامی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووه‌، بەهۆی ئەوەی سووریا 14 ساڵە لە ململانێی شەڕدایە، یەکێک لە پرسە گرنگەکان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بونیاتنانەوەی ئەو وڵاتەیە.

هەروەها گوتیشی: "نەخشەڕێگایەکمان بۆ پشتگیریکردنی سووریا لە ماوەی سێ ساڵدا بە بەهای یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار هەیە."

دەرداری، لەباره‌ی ئەو سێکتەرانەی هاوکاریی تێدا دەکەن ئاماژەی دا، ئەو هاوکارییانە بوارەکانی پەرەپێدان بە زیرەکی دەستکرد و دەستپێکردنی بەرنامەی پاراستنی کۆمەڵایەتی و دووبارە بونیاتنانەوەی ژێرخانە گرنگەکانی سووریا له‌ خۆ ده‌گرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو هاوکارییانە لەلایەن چەند سەرچاوەیەکی جیاواز دابین دەکرێن لەوانە، بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و وڵاتانی سعوودیە و تورکیاوە دەبێت.

پێشتر لە نۆیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وڵاتانی بەخشەر لە بڕۆکسل، ئورسولا ڤۆن دێر لاین ئاماژەی دابوو، پشتیوانییەکەیان بۆ سووریا بۆ نزیکەی 2.5 ملیار یۆرۆ لە ساڵانی 2025 و 2026 زیاد دەکەن.

هەروەها لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو، وڵاتانی بەخشەر بەڵێنیان داوە بە بەهای 5 ملیار و 800 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری سووریا بکەن.