ئیسرائیل: زۆر بە توندی وەڵامی هێرشەکەی ئەمڕۆی حووسییەکان دەدەینەوە
دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ بەیانی حووسیەکانی یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی بن گۆریۆنی ئیسرائیل، بەرپرسانی وڵاتەکە بەڵێنیان دا زۆر بە توندی وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە.
یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێشتر چەندین جار هێرشمان کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن، لەو هێرشانەش بەردەوام دەبین، هاوکات بەڵێنیشی دا بە چەندین هێرشی ئاسمانی وەڵامی هێرشەکانیئەمڕۆ بدەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیەنێت، ئێمە زۆر بە توندی زیانی پێ دەگەینینەوە.
هەروەها حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارییەتی خۆیان لە هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە یایر هێتزرۆنی، پۆلیسی ئیسرائیل لە بارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، مووشەکەکە لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی نێو فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە. گوتیشی: ئەمە یەکەم جارە بە مووشەک هێرش بکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی بن گۆریۆن.
هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە، هەریەک لە بەریتانیا، هنیدستان و چەندین وڵاتی دیکە گەشتە ئاسمانییەکەیان بۆ تەلئەڤیڤ ڕاگرت.
سوپای ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کاتژمێر 9:18 خولەک بە کاتی تەلئەڤیڤ حووسییەکانی یەمەن چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیش هەوڵی خستنە خوارەوەی مووشەکەکانی داوە، هەروەها داوایان لە خەڵک کردووە پابەندبن بەو ڕێنماییە بەرگرییانەی کە لەلایەن فەرماندەیی بەرەی ناوخۆوە دەرکراوە."