ئاگربەستی دەریای سوور ئاماژەیەکی تازەیە بۆ ڕێککەوتنی واشنتن و تاران

جەی دی ڤانس: ئێران بۆی هەیە تەنها خاوەنی ئەتۆمی مەدەنی بێت

بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایبگەیەنێت کە حووسییەکان بەڵێنیان داوە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور ڕابگرن، دامەزراوە ئاینی و سیاسییەکانی ئێران پشتگیریی ڕاگرتنی هێرشەکانی هێرشەکانی سەر دەریای سووریان کرد.
سەرباری ئەوەی سێ کۆبوونەوەی ڕابردووی نێوان ئەمەریکاو ئێران بە باشی بەڕێوە چوون، بەڵام لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل، ئێران ستایشی حووسییەکانی کرد.
ئایا ڕاگرتنی هێرشەکانی دەریای سوور واتای ئەوەیە ئێران کارتی بەهێزی دانووستانەکانی سووتاوە؟ یاخوود پاشەکشەیەتی لەبەرەیەکی هەرێمیی بەر لەوەی گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ بکاتەوە کە ئێران بڕیاری داوە دانووستانێکی ڕاستەوخۆ بێت؟
سێشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، حووسییەکان بەڵێنیان داوە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور ڕابگرن، بەڵێنیشی دا کە ئەوانیش هێرشەکانیان بۆ سەر حووسییەکان دەستبەجێ ڕابگرن.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عوممان ڕایگەیاند: سەڵەتەنە سەرکەوتوو بووە لە گەیاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و حووسییەکانی یەمەن بە یەکتر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە دەریای سوور و دەستپێکردنەوەی جووڵە بازرگانییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی.

موقاوەمە پابەندە بە ئاگربەستە
ڕۆژێک بەر لەوەی ئاگربەستەکە ڕابگەیەندرێت، عەلی شەمخانی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریون بڵاو کردەوە و تێیدا گوتبووی "ئەو هێرشەی سەنعا کردی، هێرشێکی ستراتیڤی بوو دژ بەو وەهمەی بۆ تێکشکاندنی بەرەی موقاوەمە هەبوو." هەر لەو پەیامەدا کە لە ئێکس بڵاوی کردەوە، شەمخانی ئاماژەی بەوە کربوو کە بەرەی موقاوەمە  پەیوەست دەبێت بەو هەوڵەی هەیە بۆ ئاگربەست، لەگەڵ ئەوەی موقاوەمە بوونی زیاتری لە لوبنان و غەززە و عێراق و سەنعا هەیە.
ڕۆژنامەی کەیهانی ئێرانی لە سەر وتاری خۆیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بەر لە ڕاگەیەندراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ، هەڵویستی ئێران بەهێزتر دەکات لەو دانووستانەی ئێستا لەگەڵ ئەمەریکا هەیەتی.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندبوو، ئەو هێرشانەی حووسییەکان، هەڕەشەکانی ئەمەریکا کەم دەکاتەوە و هەرەس بە هەوڵەکانی ناتانیاهۆش دەهێنێت بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکان. تیشکی خستبووە سەر ئەوەش کە هێرشەکە بەڵگەیەکە لەسەر توانای ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بۆ وەڵامدانەوە.
پێشتر ئێران ڕایگەیاندبوو، چەکدارە چالاکەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەربەخۆیانە چالاکیی دەکەن و ئەوان دەست لە کاروبار و بڕیاری ئەو چەکدارانە وەرنادەن.
محەممەد عەبدولسەلام، فەرماندەیەک لە گرووپی حووسییەکان پێشتر بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتبوو: ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئەمەریکا، بەهیچ شێوەیەک پەیوەست نییە بە چالاکییەکان دژی ئیسرائیل.
هەر ئەو ئاژانسە هەواڵییە  لە زاری بەرپرسێکی باڵای حووسییەکانەوە گواستوویەتییەوە، سەڵتەنەی عوممان کە نێوەندگیرە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و حووسییەکان، بە تەنها بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا.
لە واشنتنەوە، سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراهام،  پێشوازیی لە ڕاگرتنی هێرشی حووسییەکان کرد، گوتبووشی: ئەو هێرشانەی دەشیکاتە سەر ئیسرائیل، لەسەر ئێران ئەژمار دەکرێت.
گراهام، لە ئێکس ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر ئێران نەبێت، حووسییەکان نەیاندەتوانی هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا و ڕیڕەوە ئاوییەکان و ئیسرائیل.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران

 

پێشوازیی ئێران و دانووستانی ڕاستەوخۆ
ئێران پێشوازیی لە ئاگربەستی سەر دەریای سوور کرد، دوێنێ چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئێران پێشوازیی لە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ سەر یەمەن، ئەوەش دوای ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر حووسیەکان.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشنیازی بۆ ستیڤ ویتکۆڤ، سەرۆکی شاندی ئەمەریکا بۆ دانووستانەکان کردووە، گەڕی داهاتووی دانووستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران بەشێوەی ڕاستەوخۆ بکرێت؛ بەڵام ماڵپەڕی ئیسنای ئێران لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ئەو هەواڵە بە چەواشەکاریی وەسفکراوە و ڕەت کراوەتەوە.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا نیازپاکی تێدا نییە و لە عەقڵانیەت دوورە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، بارودۆخەکە کاتییە و ڕۆژێک لە ڕۆژان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

شەقامەکانی  ئێران
ئاماژەکانی ڕێککەوتن
ئاماژەکان وا دەردەخەن ئاگربەستێک لە دەریای سوور بێتە کایەوە و ڕێککەوتنێک لەنێوان واشنتن و تاران بکرێت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ڕێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێران بخرێتە نێو ئابووریی جیهان.
دی ڤانس، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بۆی هەیە تەنها خاوەنی وزەی ئەتۆمی مەدەنی بێت، هیچ ڕێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دوێنێ چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردبوو، دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زۆر باش بوون تا ئێستا. گوتبووی، ئەگەری هەیە ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە و جارێکی دیکە ئێران ببەسترێتەوە بە بازرگانیی جیهانی پاش ئەوەی ڕێگریی لێ دەکرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. گوتیبووشی: ترەمپ نایەوێت چەکی ئەتۆمی بڵا وبێتەوە.
ڕۆژنامەی نیۆورک تایمزی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئێران هانی حووسییەکانی داوە هێرشەکانیان بۆ سەر دەریای سوور ڕابگرن و بە ئاگربەستی ئەمەریکا ڕازی بن.