وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بۆ کوردستان24: ئاگربەستەکەمان لەگەڵ هیندستان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، ئاگربەستەکەیان لەگەڵ هندستان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هەموو گەشتە ئاسمانییەکانیش دەستیان پێ کردووەتەوە.
شەممە، 10ـی ئایاری 2025، شەفقەت عەلیخان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە لێدوانێکی تایبەت لەبارەی ئاگربەستی نێوان هیندستان و وڵاتەکەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاگربەستەکەیان لەگەڵ هیندستان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانیش، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دووپاتی کردەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان بەبێ کێشە دەستیان پێ کردووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە 10ـی ئایاری 2025، شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی وەکوو سەرەتاییەک بۆ چارەکردنی ئەو ناکۆکیانەی کە بووهتە ئاستەنگ لە بەردەم ئاشتی و سەقامگیری و سەرەوەیی ناوچەکە سەیری ئەو ئاگربەستە دەکات.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەو بارەیەوە ئاماژەی داوە، ئامادەنە بچنە نێو گفتوگۆیەکی گشتگیر و دیپلۆماتییەکی بونیاتنەر لەگەڵ هیندستان بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان.
شەممە، 10-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی: بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم، دوای دانوستانەکان بە نێوەندگیری ئەمەریکا، هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر ڕێک کەوتوون.
ماوەی چەند ڕۆژێکە هیندستان و پاکستان بۆمبارانی پێگە سەربازییەکانی یەکدی دەکەن و بەهۆیەوە لانیکەم 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر بەهۆی شەڕەکەوە دەیان فڕۆکەخانە لەو دوو وڵاتە لە کار کەوتوون.
ئەم شەڕە دوای ئەوە هات کە دوو هەفتە پێش ئێستا لە بەشی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، گرووپێکی چەکدار هێرشی کردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و 26 کەسیان کوشت. دوای ڕووداوەکە، هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریی ئەو گرووپە تۆمەتبار کرد و ئەویش ڕەتی کردەوە.
هەرێمی کیشمیر دەکەوێتە نێوان هەر سێ وڵاتی هیندستان، پاکستان و چین. هیندستان 55% و پاکستانیش 35%ی هەرێمەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.