ئەمەریکا بەشێک لە سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت
وەزارەتی گەنجینە ئەمەریکا یەکەم هەنگاوی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا جێبەجێ کرد و بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگرت.
وەزارەتی گەنجینە ئەمەریکا هەینی 23ـی ئایاری 2025، ڕاگەیەندراویکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانی (OFAC) ڕێکارەکانی هەڵگرتنی بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا جێبەجێ دەکات و ڕێگە بە ئاڵوگۆری بازرگانی دەدات.
ئاماژەشی داوە، هەڵگرتنی سزاکان دەرگا بەڕووی وەبەرهێنانی نوێ و چالاکییەکانی کەرتی تایبەت دەکاتەوە کە لەگەڵ ستراتیژی ئەمەریکا و ترەمپ بگونجێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕێگە بە هاوبەشە بیانییەکان و هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکە دەدات یارمەتی بوژانەوە و بەرزکردنەوەی توانای ئابووریی سووریا بدەن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەپێی یاسای قەیسەر بۆ ماوەی 180 ڕۆژ سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی سزاکان بۆ بوژانەوەی ئەو وڵاتە ڕێگر نەبن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی دا بوو سزاکان هەڵبگیرێن، وەزارەتی گەنجینەی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بۆ هاندانی سووریا بۆ وەبەرهێنانی نوێ بەڵێنەکە جێبەجێ دەکەن.
هەروەها ئاماژەشی دا، دەبێت سووریا لە هەوڵەکانی بۆ سەقامگیری وڵاتەکەی بەردەوام بێت. گوتیشی: هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکان وڵاتەکە دەباتە سەر ڕێگایەکی دروست بۆ خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی سەقامگیر.
ئەمەریکا لە ساڵی 2011دا دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ سزای بەسەر حکوومەتی بەشار ئەسەدم سەرۆکی ئەوکاتی سووریا و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە سەپاند.