له زانکۆی کەرکووک قوتابیانی کورد ناچار دهكرێن تاقیکردنەوە لەو وانانە بکەنەوە کە لێی دەرچوون
لە کارەساتێکی کارگێڕی و پەروەردەییدا، 82 قوتابی کوردی قۆناغی چوارەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی کەرکووک، رووبەڕووی بڕیارێکی مەترسیدار بوونەتەوە کە هەڕەشە لە فەوتانی چوار ساڵی ماندووبوون و پاشەڕۆژی پیشەییان دەکات.
بە گوتەی قوتابییەکان بۆ کوردستان24، گرفتەکە لەوێوە دەستی پێکردووە کە رێگرییان لێکراوە لە تاقیکردنەوەی یەکێک لە وانەکاندا بە زمانی کوردی وەڵام بدەنەوە, هەرچەندە قوتابییەکان بە زمانی کوردی وەڵامیان داوەتەوە و لە رووی زانستییەوە وەڵامەکانیان دروست بووە، بەڵام تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی زمانی کوردی، لەو وانەیەدا بە "کەوتوو" هەژمار کراون.
قوتابییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە بڕیارەکە لێرەدا نەوەستاوە؛ بەڵکو بەپێی رێنماییە نوێیەکان، دەبێت ئەم قوتابییانە جارێکی دیکە تاقیکردنەوە لەو بابەتانەی قۆناغەکانی پێشوو بکەنەوە کە پێشتر بە سەرکەوتوویی لێی دەرچوون. ئەگەر لە هەر یەکێک لەو وانانە دەرنەچن، ئەوا چوار ساڵی تەمەنیان لە زانکۆ بە فیرۆ دەچێت و وەک ئەوەی هیچ کاتێک نەیانخوێندبێت هەژمار دەکرێن.
ئەو قوتابییانە کە ئێستا لە لێواری بێئومێدیدان، لەڕێگەی کوردستان24ـەوە پەیامی خۆیان دەگەیەننە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەڵێن "ئێمە چوار ساڵ شەونخوونیمان کردووە، ناکرێت بەهۆی زمان و بڕیارێکی نایاساییەوە، ماندووبوونی چوار ساڵمان بڕوات. داوا دەکەین بەرپرسانی حکوومی بە هانامانەوە بێن."
ئەم دۆسیەیە لە کەرکووک دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە، چونکە تەنها کێشەیەکی زانکۆیی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە مافی خوێندن بە زمانی دایک کە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە، و پاراستنی مافی نەوەیەکی یاساناس لەو شارەدا.