ڕووسیا: ڕۆڵی وڵاتانی نێوەندگیر ڕەت دەکەینەوە
بەرپرسانی ڕووسیا لەبارەی گەڕی داهاتووی دانوستانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، هەر دوو وڵات داواکاریی و مەرجەکانی خۆیان لەبارەی ئاگربەستی نێوانیان دەخەنەڕوو، هاوکات ڕۆڵی وڵاتانی نێوەندگیریش ڕەت دەکەنەوە.
هەینی 30ـی ئایاری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبیژی کۆشکی سەڕۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆکرانیا دەچێتەوە ئیستەنبۆڵ، گوتیشی: شاندی دانوستانکاری هەر دوو وڵات باس لە مەرجەکانی خۆیان بۆ ئاگربەستێکی کاتی دەکەن.
ماریا زاخاڕۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لەبارەی ڕۆڵی وڵاتانی نێوەندگیر لە دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئۆکرانیا گوتی: سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ میوانداریی، بەڵام هەر هەوڵێکی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکە بۆ نێوەندگیری ڕەت دەکەینەوە.
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئامادەکاریمان بۆ ئاگربەستێک کردووە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی، کە پرسی ئۆکرانیا لە ڕیشەوە چارە دەکات، بۆ ئەمەش مۆسکۆ دەیەوێت وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هاوکاری کردنی ئۆکرانیا بووەستن، ئەو وڵاتەش سەربازەکانی بڵاوە پێ نەکات.
گوتیشی: ئاگربەست بە تەنیا بەس نییە، بۆیە پێشنیازمان کردووە لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا، هەر دوو لایەن بە ڕوونی بیروڕاو و داواکارییەکانیان بخەنەڕوو.
ڕۆژی چوارشهممه، 28ـی ئایاری 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وهزیری دهرهوهی ڕووسیا ڕایگهیاندبوو، گهڕی دووهمی دانوستانه ڕاستهوخۆكانی نێوان شاندی وڵاتهكهی و شاندی ئۆكرانیا ڕۆژی دووشهممه، 2ـی حوزهیران له ئیستانبوڵ بهڕێوه دهچێت.
هاوكات ڤلادیمێر مێدینسكی، سهرۆكی شاندی دانوستانكاری ڕووسی له ڕاگهیهنراوێكدا گوتی: پهیوهندیی به ڕۆستهم عهمیرۆڤ، وهزیری بهرگریی ئۆكرانیاوه كردووه و پێشنیازی واده و شوێنی كۆبوونهوه و دانوستانهكان و گۆڕینهوهی یاداشت بۆ یهكلاییكردنهوهی ململانێكانی نێوان ههردوو وڵاتی خستووهته بهردهم. ڕهتیشی كردووهتهوه عهمیرۆڤ پهیوهندیی به ئهوهوه كردبێت، بهڵكوو پێچهوانهكهی دروسته.