ترەمپ بە گەشبینییەوە باس لە ڕێککەوتنەکانی غەززە و ئۆکرانیا و ئێران دەکات

ترەمپ بۆ ماکرۆن: جاری داهاتوو دڵنیابە دەرگەی فڕۆکەکە باش داخراوە، چونکە ئەوەی ڕوویدا هیچ باش نەبوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی ئیلۆن مەسک لە ئەرکەکەی لە وەزارەتی کارامەیی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، بە گەشبینییەوە لە ڕێککەوتنەکانی غەززە و ئۆکرانیا و ئێران دەڕوا نێت و گوتی: بەم نزیکانە حەماس و ئیسرائیل، ڕووسیا و ئۆکرانیا، واشنتن و ئێران ڕێک دەکەون.

دۆناڵد ترەمپ هەینی 30ـی ئایاری 2025، لە نووسینگەی ئۆڤاڵ لە کۆشکی سپی قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی: لەگەڵ ئێران نزیکین لە ڕێککەوتن، چونکە ئێران نایەوێت هێرشی بکرێتە سەر، بەڵکو وەک ئەمەریکا ڕێککەوتنی دەوێت.

باسی لەوەشکرد، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆمباران بکرێت، لەگەڵ ئێران ڕێک دەکەوین.

جەختیشی کردەوە، دەمەوێت ئێران پارێزراو بێت و نەتەوەیەکی سەرکەتوویان هەبێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت، ئەم بابەتەشمان لەگەڵ ئەوان یەکلا کردووەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕایگەیاند، حەماس و ئیسرائیل نزیکن ڕێک بکەون، بەم نزیکانەش ڕێککەوتنەکە ڕادەگەینین.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد، تەنیا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کەللەڕەق نییە، بەڵکوو ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش زۆر کەللە ڕەقە، بەڵام نزیکن بۆ ئاگربەستی جەنگ بگەنە ڕێککەوتن؛ گوتیشی: زۆر بەلامەوە سەیربوو کاتێک بینم لە ناوەڕاستی دانوستانەکان هێرشیان دەکردە سەر یەکتر و شارەکانیان مووشەک باران دەکرد.

لەبارەی پەلاماردانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەلایەن هاوژینەکەیەوە، ترەمپ گوتی: ماکرۆن سەڵامەتە و ئەوان دوو کەسی زۆر باشن، بەڵام ئامۆژگاریم بۆ سەرۆکی فەرەنسا ئەوەیە، بۆ جاری داهاتوو دڵنیا بێتەوە کە دەرگاکە داخراوە، چونکە ئەوەی ڕوویدا هیچ باش نەبوو.