زاڵمای خەلیلزاد: ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قەیرانی سیاسی دروست دەکات
باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق جەخت لە ناردنی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێش جەژنی قوربان دەکاتەوە، داوا لە بەغدا دەکات، کێشەکان چارە بکات و قەیرانەکان فراونتر نەکات.
دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، قەیرانێکی سیاسی دروست دەکات و ئەرکی هاووڵاتییان قورس دەکات، بەتایبەت کە لە جەژنی قوربان نزیکن.
هەروەها جەختیشی کردووەتەوە، کە دەبێت بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێش جەژن بنێرێت و قەیرانەکان فراوانتر و قوڵتر نەکات.
باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق دووپاتیشی کردووە، چارەکردنی ئەو کێشەیە و ناردنی مووچە پێش جەژن هەنگاوێکی گرنگە لە دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
زاڵمای خەلیلزاد، پەیامێکشی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و نووسیویەتی: محەممەد شیاع سوودانی، گرنگی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدات و نایەوێت بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە هەرێمی کوردستان ئازار بدات.
Baghdad's suspension of payment of salaries to KRG employees is creating a political crisis and is threatening to make the celebrations of the coming Eid difficult and sad. It is vital that escalation of this crisis is avoided and salaries paid prior to Eid. Prime Minister…
— Zalmay Khalilzad (@realZalmayMK) June 2, 2025