پوتن: تەقاندنەوەی پردی برایانسکی کردەوەیەکی تیرۆرستییە و وەڵام دەدەینەوە

سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە وەڵامێکی توندیان دەبێت, هاوکات تەقاندنەوەی پردی برایانسکی بە کردەوەیەکی تیرۆرستی ناو دەبات.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی تەقاندنەوەی پردی برایانسکی لە ڕووسیا کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی حەوت کەس و برینداربوونی 69 کەسی دیکە بە کردەوەیەکی تیرۆرستی ناو دەبات و ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی کە کرایە سەر پردەکە و ئۆکرانیاش بەرپرسیارییەتی هەڵناگرێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی دانوستان دەبێت.

پوتنن، لەبارەی پێشنیازی ئۆکرانیا بۆ ڕاگرتی جەنگ بۆ 30 ڕۆژ گوتی: بۆچی دەرفەتییان بدەینێ خۆیان بە هاوکاری سەربازەکانی ڕۆژئاوا ڕێک بخەنەوە و ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆرستی دیکە بکەن.

هاوکات سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندبوو، ئۆکرانیا بە هێرشکردنە سەر پردەکە و فڕۆکەخانە سیبیریا دووپاتی کردەوە کە ئاشتی ناوێت، بۆیە ئەو هێرشانە وەڵامێکی توندیان دەبێت. 

چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نوسیوویەتی: بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 15 خولەک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەم کرد، باسمان لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها پرسی ئەتۆمیی ئێران کرد.

ڕۆژی دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، شەوی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قووڵایی خاکی ڕووسیادا زیاتر لە 40 فڕۆکەی هێزەکانی ڕووسیایان تێک شکاندووە.

هەر لە ڕۆژی دووشەممە پردێکی ڕێگاوبان لە ناوچەی برایانسکی، بەسەر شەمەندەفەرێکدا تەقیەوە کە بەرەو مۆسکۆ دەڕۆیشت و 388 کەسی تێدابوو، هاوکات بەهۆی تەقینەوەکەوە لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 69 کەسیش برینداربوون. تاوەکوو ئێستاش کەس بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەکە لە ئەستۆ نەگرتووە.