ترەمپ 'پاسەوانی نیشتمانی' بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلس نارد

دۆناڵد ترەمپ 'پاسەوانی نیشتمانی' بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلس نارد و پارێزگاری کالیفۆرنیاش ڕەخنە لە هەنگاوەکە دەگرێت.

خۆپیشاندەرانی ئەمەریکایی لە ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەرانبەر هەڵمەتەکانی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی پەنابەران لە لۆس ئەنجلس و کالیفۆرنیا بەردەوامن و پۆلیسیش گازی فرمێسکڕێژ بۆ پەرت کردنیان، بەکار دەهێنێت.

کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (کۆشکی سپی) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوو هەزار 'پاسەوانی نیشتیمانی' بۆ جڵەوکردنی خۆپیشاندانە نایاساییەکان، دەنێردرێنە کالیفۆرنیا.

دیموکراتەکان لە هەڵمەتی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی پەنابەران لە لۆس ئەنجلس و کالیفۆرنیا، پشتیوانیی سەرۆکی ئەمەریکا ناکەن، ئەمەش ئیدارەی ترەمپی تەواو نیگەران کردووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە سەر بە دیموکراتەکانن، گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە، وەکوو پێویست کاریان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان نەکردووە و بە "بەرپرسانی لاواز" ناوی بردوون. 

لە لایەکی دیکەوە گاوین نیوزۆم، پارێزگاری ویلایەتی کالیفۆرنیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری ترەمپی بۆ ناردنی 'پاسەوانی نیشتیمانی' بە "ئیستفزازی و خۆنمایشکردن" ناو برد و ئاماژەی بەوەش کردووە "بڵاوەپێکردنی دوو هەزار ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی، گرژییەکان زیاتر دەکات."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment