ترەمپ: هیوادارم ئێران و ئیسرائیل ڕێکبکەون
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە لە پشتگیری ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، هیواشی خواست ئیسرائیل و ئێران بگەنە ڕێکبکەوتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی بەر لەوەی بۆ کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە کەنەدا بەڕێ بکەوێت لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: پێم وایە ئێستا کاتی ڕێککەوتنە هیوادارم ئێران و ئیسرائیل ڕێکبکەون، بەڵام هەندێک جار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێت بجەنگیت.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەمەریکا لە پشتگیری کردنی ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لەخۆی بەردەوام دەبێت.
لەبارەی ئەوەی بە ئیسرائیلی گوتووە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت، گوتی: نامەوێت لەو بارەیەوە قسە بکەم.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسیبووی: کۆبوونەوەی زۆر بۆ ئاشتیی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکرێت، هەردوولایان دەگەیەنمە ڕێککەوتن.
سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کردبوو، هاوشێوەی هیندستان و پاکستان، ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەم، هەروەها مەزنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنمەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.