ترەمپ و ناتانیاهۆ بە تەلەفۆن دەربارەی ئاگربەست قسەیان کرد
بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توند و ڕاشکاوییان کردووە.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، هەردوو سەرکردەکە باسییان لە ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران کردووە و پەیوەندییەکەشییان زۆر ڕاشکاوانە و توند بووە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای پەیوەندییە تەلەفۆنەکە درکی بە مەترسی و جددیی بابەتەکە و نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترەمپ، کردووە.
سێشەممە، 24-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ بەشداریی لە لوتکەی ناتو لە لاهای، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستیان پێشێل کردووە و دووبارە هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.