ترەمپ : واشنتن نایەوێت ڕێککەوتنی 30 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئێراندا بکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، جارێکی دیکە گورز لە ئێران دەوەشێننەوە ئەگەر بیەوێت دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵی ئەوە دەدات بە 30 ملیار دۆلار هاوکاریی بونیاتنانەوەی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمیی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی وزە بکات.
هەریەک لە تۆڕەکانی(سی ئێن ئێن) و (ئێن بی سی نیوز)، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بڵاویان کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا گفتوگۆی ئەوەیان کردووە، چۆن بتوانن پشتیوانیی ئابووریی ئێران بکەن، لە بەرانبەر دەستبەردانی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
تۆڕی هەواڵیی (سی ئێن ئێن) ئاشکرای کردووە، ئەو پێشنیازە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خراوەتە ڕوو، بەڵام تا ئێستا هەر پێشنیازە و نەبووەتە بڕیار.
لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیانەدا، دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دوێنێ هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی: "کێ ئەو درۆزنەیە کە لە میدیای ساختەدا دەڵێت:" ترەمپ دەیەوێت 30 ملیار دۆلار بداتە ئێران بۆ دروستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاشتییانە، من هەرگیز بیرۆکەیەکی وا گاڵتەجاڕانەم نەبیستووە"، گوتیشی:" ئەوە خەڵەتاندنە.
پێش ئەوەش نووسیبووی:" ئەگەر ئێران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم بداتەوە، جارێکی دیکە گورزی لێ دەوەشێنینەوە.
دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئێران کرد، ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدەن پشکنین لە وێستگە ئەتۆمییەکان بکەن، دووپاتیشی کردەوە، ئێران هەوڵ دەدات کۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە ڕێک بخاتەوە.
لە وەڵامی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نووسی: گەلی ئێران سەلماندی، ئیسرائیل پەناگەیەک شک نابات جگە لە ئەمەریکا.
شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و لە پەیامێکدا نووسی: ئێمە گەلێکی لۆژیکیی سادەین لە بنەماکانمان، دەزانین چیمان هەیە، شانازیی بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆمانەوە دەکەین.
عراقچی دەڵێت: ئەگەر ترەمپ بەدوای ڕێککەوتنەوەیە، دەبێت دەست لەو زمانە هەڵگرێت کە ڕێزی تێدا نییە بەرانبەر ڕێبەری باڵا و جێگەی قەبوڵکردن نییە، چونکە هەستی ملیۆنان کەس لە ڕێڕەوانی بریندار دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: گەلی ئێران بۆ جیهانی سەلماند، ئیسرائیل جگە لە پەنابردن بۆ ئەمەریکا، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نەبوو بۆ دەربازبوون لە مووشەکەکانمان، گوتیشی: ئێران درێغی ناکات لە نیشاندانی توانا ڕاستەقینەکانی خۆی، ئەوکات هەموو خەیاڵەکان سەبارەت بە هێزی ئێران پوچەڵ دەبنەوە."
ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستووری ئێران پێنجشەممەی ڕابردوو، 26ـی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند: ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.