ئەمریکا: رێککەوتنی نەوتیی نێوان عێراق و سووریا هەنگاوێکی ئەرێنی و باشە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لە پێناو جێگیرکردنی ئارامیدا لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە گفتوگۆدایە. هاوکات پاڵپشتیی فەرمیی واشنتنی بۆ رێککەوتننامە نەوتییەکەی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و دیمەشق دووپات کردەوە.

چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئامانجی سەرەکیی ئێمە پاراستنی سەروەریی لوبنان و ئیسرائیلە و بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.

باسی لەوە کرد، ئەمریکا لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سووریا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دیمەشق بتوانێت بە ئاشتی و تەبایی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی.

تۆمی پیگۆت لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا و، واژۆکردنی رێککەوتنی نەوتیی نێوان عێراق و سووریا بە کارێکی باش و سوودبەخش دەزانین.

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی نێوان کەرکووک و بانیاس واژۆکرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی واژۆکردنی 50 رێککەوتنامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندایە لە نێوان عێراق و ئەمریکا، کە کۆی گشتیی بەهای ئەو رێککەوتنانە دەگاتە 60 ملیار دۆلار.

مێژووی هێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان عێراق و سووریا بۆ ساڵی 1952 دەگەڕێتەوە، کاتێک گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە لە رێگەی خاکی سووریاوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست دەستیپێکرد، کە لەو کاتەوە دەروازەیەکی گرنگی بۆ هەناردەی نەوتی عێراق بەرەو رۆژاوا دابین کردبوو.