بەریتانیا کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران کشاندەوە

بەریتانیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ ئێران نەکەن

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، نوێکردنەوەی رێنماییەکانی گەشتکردنی بۆ ئێران راگەیاند و ئاشکرای کرد، کە کارمەندە بەریتانییەکانی باڵیۆزخانەکەی بە شێوەیەکی کاتی تارانیان جێهێشتووە و لەمەودوا لە دوورەوە کاروباری دیپلۆماسی بەڕێوەدەبەن.

رۆژی چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لە ژێر رۆشنایی پێشهات و گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و نائارامیی بارودۆخی ئاسایش، رێنماییەکانی گەشتکردنی بۆ ئێران نوێکردەوە و رایگەیاند کە کارمەندە بەریتانییەکانی باڵیۆزخانەکەی بە شێوەیەکی کاتی ئێرانیان جێهێشتووە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێران بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی کارەکانی، بەڵام بە شێوازی لە دوورەوە.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا گەشت بۆ ئێران نەکەن، هەروەها داوای لەو بەریتانیانە کرد کە ئێستا وەک دانیشتووان یان گەشتیار لە ئێراندا هەن، بە وردی پێداچوونەوە بە بڕیاری مانەوەی خۆیان و ئەو مەترسییانەدا بکەن کە لەم دۆخەدا رووبەڕوویان دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی رێنماییە نوێیەکەدا هۆشداری دراوە کە هاووڵاتییانی بەریتانی و ئەوانەی خاوەنی دوو رەگەزنامەی بەریتانی-ئێرانیین، رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینەی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە دەبنەوە؛ ئاماژە بەوەش کراوە، کە تەنیا هەڵگرتنی پاسپۆرتی بەریتانی یان هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک بە بەریتانیاوە، لەوانەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە وەک هۆکارێک بۆ دەستگیرکردن بەکاربهێنرێت.