ترەمپ: ئێران بەمنزیکانە بۆ دانوستان ئامادە دەبێت

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند. ململانێیان لەگەڵ ئێراندا "پێکدادانێکی بچووکە"، تاران گورزی توندی بەرکەوتووە و ناچار بە رێککەوتن دەبێت؛ جەختیشی کردەوە رێگە بە ئێرانی ئەتۆمی نادەن. هاوکات سێنتکۆم بانگەشەکەی سوپای پاسدارانی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز رەتکردەوە و رایگەیاند رێڕەوەکە بۆ کەشتیوانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە شاری مارێتای سەر بە ویلایەتی جۆرجیا، پێشهاتەکانی ململانێی ئابووری و سەربازیی لەگەڵ ئێراندا خستەڕوو.

ترەمپ لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "بازاڕی پشکەکان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، تەنانەت لەگەڵ بوونی ئەم پێکدادانە بچووکەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەمانە. من پێی دەڵێم پێکدادانێکی بچووک، چونکە لایەنی ئێرانی گورزی زۆر توندی بەرکەوتووە و ئێستا دەیانەوێت رێککەوتن بکەن."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ئێران بە تەواوی ئامادەی رێککەوتن نییە چونکە بەردەوام دەیانەوێت مەرجەکان بگۆڕن، بەڵام پێشبینی کرد لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئامادەی رێککەوتن ببن.

سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، ترەمپ جەختی کردەوە، پێویستیی دەوڵەتەکەی بەو رێڕەوە ئاوییە نییە و تەنیا لەبەر پێگەی ئەمنیی جیهانی کار دەکەن، و گوتی: "ئێمە پێویستمان بە گەرووی هورمز نییە، بەڵام ئەم کارە دەکەین چونکە ناچارین بیکەین؛ چونکە ئێمە بە هیچ شێوازێک ناتوانین رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بابەتەکە بەم شێوەیە سادەیە."

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی بانگەشەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانی گەرووی هورمز رەتکردەوە و رایگەیاند، رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بە کراوەیی بۆ کەشتیوانی دەمێننەوە و لە مانگی ئایارەوە یارمەتی تێپەڕبوونی زیاتر لە 900 کەشتیی بازرگانییان داوە.