ئەمیر سەعید ئیرەوانی: لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ وڵاتێکی دیکە دەگوازینەوە

نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە مافەکانی خۆی بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی خۆش نابێت، هەر سنووردارکردنێکی بەرنامەی مووشەکیش ڕەت دەکاتەوە.

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر، ڕایگەیاند "ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەون، ئەوە ڕەنگە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیان بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازنەوە."

هەروەها ئاماژەشی دا، یەکێک لە پێشنیازەکانی دیکە، مانەوەی یۆرانیۆمەکەیە لە ئێران، بەڵام لە چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا دەبێت.

ئەمیر سەعید ئیرەوانی گوتیشی: بەلای ئەوانەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی %20 بۆ %60 هێلی سوور نییە، جەختیشی کردەوە ئێران لە مافەکانی خۆی بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی، خۆش نابێت.

نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتیشی کردەوە، هەر سنووردارکردنێکی بەرنامەی مووشەکیی وڵاتەکەی و مەرجدانان بۆ هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان، ڕەت دەکاتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئێران دەبێت کۆتاشت بیر لە بەرنامەی ئەتۆمی بکاتەوە، لە جیاتی ئەوە لە ڕێگەی بازرگانیەوە وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە. 

ئەمڕۆ شه‌ممه‌،  تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"، بڵاوی كرده‌وه‌، ستیڤ ویتكۆف، نێرده‌ی دۆناڵد تره‌مپ، بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا له‌ باره‌ی ڕێككه‌وتنی ئەتۆمی به‌رانبه‌ر به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ كۆ دەبێتەوە.

پێشتر، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دووپات كردبووه‌وه‌.