كاردانەوەی یاریزانانی یوڤێنتۆس بۆ كوردستان24

جێفرین تورام: بەرامبەر ریال مەدرید لەپێناو سەركەوتن دەجەنگین

ویستن مەککێنی، جێڤرین تورام و میکلیلی دی جۆرجیۆ
ویستن مەککێنی، جێڤرین تورام و میکلیلی دی جۆرجیۆ

یاریزانانی یوڤێنتۆس پێش یارییەكەیان بەرامبەر ریال مەدرید بەشدارییان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا كرد و وەڵامی پرسیارەكانی نێردراوی كوردستان24ـیان دایەوە كە ئێستا بۆ رووماڵی مۆندیالی یانەكان لە ئەمریكایە.
یاریزانی پیشەگەری ئەمریکا و یانەی یوڤێنتوس، ویستن مەک-کێنی لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند، بەرزیی پلەکانی گەرما پاساو نییە، جونکە پلەی گەرمە بۆ هەردوو تیپ هەمان شتە، گوتیشی لە یوڤێنتوس دەیانەوێت یانەکە بگەڕێننەوە پێگە و شوێنی خۆی لە ئیتاڵیا و ئەوروپا کە شایانییەتی.
مەک-کێنی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو پێی خۆشە هاوڕێیانی لە یوڤی، وڵاتەکەی ببینن، تا ئەوەش بزان لە کوێوە دەستی بە یارییکردن کردووە. گوتیشی ئەزموونەکە ناوازە بووە و یاریزانان چێژیان لە تایبەتمەندی ژیان و ژیار و شارەکانی ئەمریکا بینیووە.


خاڵە لاواز و بەهێزەكانی ریال مەدریدیان دەستنیشان كردووە
جێفرین تورام، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی یوڤێنتۆس لە بەرسیڤێكی كوردستان24 رایگەیاند ئەوان لە قورسی یارییەكەیان بەرامبەر ریال مەدرید تێدەگەن، دەشڵێت: ئیمە دەزانین بەرامبەر ریال مەدرید یارییەکی قورس چاوەرێمان دەکات، چونکە ئەوان یاریزانی زۆر گەورە و كاریگەرییان هەیە، بەڵام چاومان لە سەركەوتن و گەیشتنە بە قۆناغی داهاتووی مۆندیالی یانەكان.
جێفرین تورام دەشڵێت: راهێنەرەكەمان لە رێگەی ڤیدیۆ سەیری 3 یاریی رابردووی ریال مەدریدی لە مۆندیالی یانەكان كردووە و تەواوی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ئەو یانەیەی بۆ دیاریی كردووین، دەشزانین هەمیشە ریال مەدرید بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەكان بەربژێری سەرەكییە، هاتنی ئالۆنسۆش بۆ یانەكە كاریگەری دەبێت و تیپێكی بەهێزیان بە بوونی ئەو ئەستێرانە دروست كردووە.
جێفرین كوڕی ئەستێرەی پێشووی یوڤێنتۆس و هەڵبژاردەی فەرەنسا (لیلیان تورام)ـە، لەبارەی كلیان ئێمباپێ دەڵێت: لە راستیدا هێشتا دەرفەت نەبووە لەگەڵ كلیان ئێمباپێی هاونیشتیمانم قسە بكەم و لە تەندروستی بپرسم، بەڵام هیوای باشبوونی بۆ دەخوازم.

 

پێكەنینی بە گەرمای ئەمریكا دێت

ویستن مەککێنی هێرشبەری ئەمریكی یانەی یوڤێنتۆس رایگەیاند ئەو قسانەی لەبارەی گەرمی ئەمریكا دەگوترێت نابێت بكرێتە بیانوو، چونكە كەشوهەوا بۆ هەردوولا هەمان شتە، دەشڵێت: پێم خۆشە لەگەڵ هاوڕێیەكانم هاتوومەتە ئێرە، حەز دەكەم كە وڵاتەكەم دەبینن تا بزانن لە کوێوە دەستم پێکردووە، تا ئێستا ناوازە بووە، روونە مەودوای نێوان شارەکانمان لە ئەمریكا کەمێک لە هی وڵاتانی دیكە جیاوازن، باڵەخانەی هەوربڕ و بەرز و شتی وەها، بۆیە ئەوە خۆش بوو، تا شێوازی ژیانی ئەمریکییان فێر بکەین و پشوو بدەن و بحەسێنەوە، هەستێکی خۆش بوو كاتێك لە هاوڕێیەكانم بیست لەوەتەی بەهۆی مۆندیالی یانەكان هاتوونەتە ئێرە دڵخۆشبوونە.
ویستن مەککێنی گوتیشی: روونە کە بەرزی پلەکانی گەرما کاریگەریی هەیە لەسەر یارییەکە و کاتی یارییەکان و دەبێت خۆمان رابهێنین و پاساو نەهێنینەوە، چونکە پلەی گەرما بۆ هەردوو تیپ هەمان شتە. بێگومان لە یوڤینتوس دەمانەوێت لە بەرزترین ئاستی خۆمان بین، ئەمە ئاست و پیگەی یانەکەیە، بەڵام دواجار لە کۆتایی وەرزەکە ئەوەمان ئەنجام دا کە ویستمان، گەیشتن بوو بە چامپیۆنزلیگ، تامەزرۆی دەستپێکی خولی داهاتووین بۆ گەڕانەوەی یوڤێنتوس بۆ پێگەکەی کە شایەنیەتی.
لە قۆناغی 8ـی مۆندیالی یانەكان، لە یاریگەی هارد رۆك تایبەت بە یانەی ئینتەر مەیامی، لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا یوڤێنتۆس و ریال مەدرید لە كاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو بەیەك دەگەن.

 

 

پێیوایە یوڤێنتۆس جارێكی دیكە بە قورسی نادۆڕێت
میکلیلی دی جۆرجیۆ گۆڵپارێزی یوڤێنتۆس لە دەستپێكی قسەكانیدا بۆ كوردستان24 سوپاسی چابی ئالۆنسۆ راهێنەری ریال مەدریدی كرد كە بە رێزەوە وەسفی یوڤێنتۆسی كردووە.
میکلیلی دی جۆرجیۆ گوتیشی: بینیم چابی ئەلۆنسۆ زۆر بە جوانی وەسفی ئێمەی كرد، ئێمە زۆر رێز لەو راهێنەرە دەگرین، ریال مەدرید خاوەنی كۆمەڵێك یاریزانی ناوازە و ئاستبەرزە. دەزانین یارییەكی زۆر قورس چاوەڕێمان دەكات، دەشزانم ئەو یارییە تەواو جیاوازە لە یارییەكەمان بەرامبەر مان سیتی كە بە قورسی تووشی شكست بووین، هەرگیز چاوەڕێی ئەو دۆڕانە سەختەمان نەكرد، ئێستا ئەو یارییەمان لەبیر كردووە و زەحمەتە جارێكی دیكە هاندەرانی ئێمە چاوەڕێی شكستی لەمجۆرە لە ئێمە بكەنەوە، لەم یارییە تەواوی تواناكانی خۆمان بۆ سەركەوتن دەخەینەگەڕ.