ئێران بەشێک لە ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان داخست

وەزارەتی گواستنەوەی ئێران جارێکی دیکە ئاسمانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی داخست.

چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گواستنەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئاسمانی ڕۆژئاوا و ناوەندی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان داخست، هاوکات لە فڕۆکەخانەکانی ئیمام خومەینی و مێهرئاباد لە تاران هەموو گەشتەکان تاوەکوو سبەی پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، کاتژمێری 02:00 دوای نیوەڕۆ دواخران.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی لەسەر زاری بەرپرسێکی وزارەتی گواستنەوەی وڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە، هۆکاری درێژکردنەوە و ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەلامەتی و ئاسایشی وڵات گەڕاندووتەوە.

ئاماژەشی داوە، ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە ڕووی گەشتە ناوخۆییەکان و  نێودەوڵەتییەکان کراوەتەوە.

ڕۆژی شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دابوو، ئاسمانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی وڵات تەنیا بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییە ترانزێتەکاندا دەکرێتەوە.

ئێران، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە و بەردەوامیی جەنگ بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، ئاسمانی خۆی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخست.