ترەمپ: پوتن دەیەوێت لە کوشتنی خەڵک بەردەوام بێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا خۆشحاڵ نییە، چونکە دەیەوێت لە کوشتنی خەڵک بەردەوام بێت.

شەممە 5ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا خۆشحاڵ نە بووە.

گوتیشی: پوتن پێ دەچێت کە بیەوێت لە کوشتنی خەڵک بەردەوام بێت، بەڕاستی ئەمەش کارێکی باش نییە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، پێشتر هاوکاری ئۆکرانیایان کردووە و لە هاوکاریکردنیشیان بەردەوام دەبن.

پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و تاوتوێی پێشهاتەکانیان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

پوتن جەختی لەوە کردبووە، ڕووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت، لە نێویشیاندا هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جەنگە. گوتیشی: ڕووسیا ئامادەیە لە گفتوگۆکان و دۆزینەوەی چارەی ئاشتییانە بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بێت.