کۆشکی سپی: کاری هەرە لە پێشینەی ترەمپ کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە

کۆتایی ئەم هەفتە ستیڤ ویتکۆف دەچێتە دەوحە

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کاری هەرە لە پێشینەی ترەمپ ئاگربەستی غەززە، بۆیە کۆتایی ئەم هەفتە نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە دەوحە.

دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کاری هەرە لە پێشینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکانی ئیسرائیلە.

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاماژەشی دا، کۆتایی ئەم هەفتەیە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە دەوحە، ئەو شوێنەی کە دانوستانە ناڕاستەوخۆیەکانی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بەڕێوە دەچن.

کارۆلاین لیڤت باسی لەوەش کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەر کەسێک تاوان بکات، بە بەرپرسیاری دادەنێت.

گوتیشی: ژمارەیەک خەڵکی غەززە سوپاسگوزارن و دەڵێن" سوپاس ترەمپ بۆ هاوکارییەکان."

کارۆلاین لیڤت جەختیشی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ بڕیاری دواخستنی باجی گومرگی بەسەر ئەورووپا بۆ 1ـی ئاب واژۆ دەکات، کە بڕیاربوو چوارشەممە 9ـی تەمووزی 2025، بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجی کردنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی فەلەستینی بڵاوی کردبووە، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەممووزی 2025، حەماس و ئیسرائیل بە نێوەنگیری قەتەر و میسر بەر لە کۆبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکەش بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات، بەڵام دانوستانەکان بەردەوام دەبن.

ڕاشیگەیاندبوو، حەماس ئەم جارە دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک بکەوێت.

هاوکات ئەو ئاژانسە لەسەر زاری بەرپرسێکی دیکەی فەلەستینی بڵاوی کردبووە، ڕەنگە ئەمڕۆ ئێوارە دانوستانەکان بەردەوامییان هەبێت.