نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 40 ڕۆژدا سەدان غەززەیی لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی کوژراون
سوپای ئیسرائیل: وانەمان لە هێرشەکان وەرگرتووە
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە سوپای ئیسرائیل دەگرێت لەسەر ئەوەی لە 40 ڕۆژی ڕابردوودا 77%ـی کوژراوانی خەڵکی غەززە، ئەو کەسانە بوون کە لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە ئامانج گیراون؛ لەلایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، وانەیان وەرگرتووە و ڕێنمایی نوێیان بە هێزەکانیان داوە.
ڕاڤینا شەمداسانی، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، لە 27ـی ئایارەوە تاوەکوو 7ـی ئەم مانگە، 798 هاووڵاتی کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە 615 کەسییان لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکانە بوون.
لەسەر ئەو ڕەخنەیەی ڕێکخراوەکە لە سەربازانی ئیسرئیلی گرتووە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکەیان پێگەیشتووە، کە خەڵکێکی زۆر لە نزیک سەنتەرەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان کوژراون، پێداچوونەوەیان بە شێوازی هێرشەکان کردووە و بە وانە وەرگرتن لەو هێرشانە ڕێنمایی نوێیان بە سەربازەکانیان داوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لەسەر ئەو ڕەخنەیەی لە سەربازەکانیان گیراوە، لێکۆڵینەوە دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی ئاگربەستی غەززە چەند ڕۆژێکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەرن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ گۆڕانێک بە ئاراستەی ئاگربەست بە دی نەکراوە.
چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە دەرفەتێکی گەورە هەیە و ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنین.