بەریتانیا و ئەڵمانیا ڕێککەوتنێک لەبارەی قاچاخچێتیی پەنابەران واژوو دەکەن

بەریتانیا و ئەڵمانیا ڕێککەوتنێک بۆ بەهێزکردنی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی پەنابەران واژوو دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، کێیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕێککەوتنێک بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کۆچبەران واژوو بکەن.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، ئەڵمانیا هاوکاریی بەریتانیا دەکات لە ڕێگری لە کۆچی نایاسایی؛ هەروەها فراوانکردنی ڕێککەوتنی پێشووی بەرگریش لەخۆ دەگرێت کە ئامانج لێی پەرەپێدانی مووشەکی مامناوەندی و هەناردەکردنی هاوبەشی کەرەستەی سەربازییە. ئەمە وێڕای بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان دوو گەورەترین ئابووری ئەورووپادا.
ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان بەریتانیان و ئەڵمانیا، ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی ستارمەرە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرلین، دوای برێگزیت، بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی یەکگرتووی ئەورووپا.