بەریتانیا داوای وەستاندنی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان دەکات

رۆژی پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، لە سەڵاحەددین، سەرۆک مسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی ئیدوارد ئاڵگرن، ڕاوێژکاری باڵای بەرگری بەریتانی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد. 

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لەو دیدارەدا کە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە بە گشتی خرانە بەرباس و گفتوگۆ."

 بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، شاندە بەریتانییەکە "سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنیانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، داوایانکرد هەرچی زووە ئەو هێرشانە بوەستێندرێن و ئەنجامدەرانیان ئاشکرابکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."

بارەگای بارزانی باسی لەوەش کردووە "هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرایەوە. پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدار بوون."