رۆیتەرز: بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری لەبارەی هەڕەشەی حووسییەکان دەدەن
بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە هەڕەشەکانی حووسییەکان بۆ گەمارۆدانی کەناراوەکانی سعوودیە لە دەریای سوور، دەبێتە هۆی فراوانبوونی شەڕی ئێران و فشارێکی زۆر بۆ سەر سوپای ئەمریکا کە ئێستا لە چەندین بەرەی ناوچەکەدا سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تارانە.
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، هەڕەشەی حووسییەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە، مەترسییەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهانی. حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، رۆژی دووشەممە رایانگەیاند کە رێگە نادەن کەشتییەکان لە بەندەرەکانی سعوودیە بار بکەن یان بارەکانیان دابگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی سعوودیە و بڕینی 7%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی.
سعوودیە کە هێزەکانی ئەمریکای تیادا جێگیرە، تا ئێستا بە فەرمی داوای هاوکاری سەربازی لە واشنتن نەکردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە هەر هەنگاوێکی ئەم گروپە بۆ رێگریکردن لە هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەگەر شتێکی وا رووبدات، ئێمە چارەسەری دەکەین، پێشتریش لەگەڵ حووسییەکان ئەوەمان کردووە."
بەڵام شارەزایانی سەربازی دەڵێن بابەتەکە بۆ سوپای ئەمریکا هێندە سادە نییە. حووسییەکان وەک شەڕکەرێکی بەهێز و خۆڕاگر ناسراون کە پێشتریش لە بەرامبەر هەڵمەتە ئاسمانییەکانی سعوودیە و ئەمریکادا بەرگەیان گرتووە. رووبەڕووبوونەوەیان بە واتای دابەشکردنی سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا دێت لە نێوان دوو بەرەی چالاکدا؛ یەکێکیان لە کەنداو بۆ گەمارۆدانی ئێران و ئەوی دیکەیان لە دەریای سوور بۆ بەرپەرچدانەوەی حووسییەکان.
جەیسن کامبڵ، بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئێوە سەرچاوە سەربازییە بەهێزەکانی خۆتان لە ناوچەکەدا لە نێوان دوو بەرەی شەڕدا دابەش دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە روبەرووبوونەوەی حووسییەکان پێویستی بە گواستنەوەی کەشتییە جەنگییەکان لە کەنداوەوە بۆ نزیک کەناراوەکانی یەمەن هەیە، ئەمەش بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە مووشەکەکانی ئەو گروپە.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەکەکانی حووسی، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمریکا. ئێستا زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی و سەدان فڕۆکەی ئەمریکی لە روژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکەن و هێزی زیاتریش بەرەو ناوچەکە بەڕێوەن.
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: "ئێمە ئێستاش زۆر سەرقاڵین،" ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لە کەشتییە جەنگییەکان بەهۆی زۆری ئۆپەراسیۆنەکانەوە، ماوەیەکی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا لە دەریادا ماونەتەوە، ئەمەش فشار دەخاتە سەر هێزەکان و پێویستییان بە چاککردنەوە دەبێت.
مارک کانسین، ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا، دەڵێت هەرچەندە کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لە دەریای سوور فشار بۆ سەر ئەمریکا دروست دەکات، بەڵام حووسییەکانیش رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی چەک و پێداویستی، چونکە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەرە و رەنگە حووسییەکان نەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن.