ئەمەریکا و سعوودیە رێککەوتنی ئەتۆمی رادەگەیەنن
بەگوێرەی راپۆرتی میدیا ئەمەریکییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەمەریکا رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ سعوودیە رابگەیەنێت، تێیدا بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ ریاز دابین دەکرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لەنێوان سعوودی و چەکدارانی حووسی لە یەمەن.
رۆژنامەی نیویۆرک تايمز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە بڵاوکردەوە، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پلانی دانوستاندنی هەیە بۆ واژۆکردن و بەفەرمیکردنی ئەم رێککەوتنە لە ئەمڕۆ چوارشەممەدا.
لای خۆیەوە، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێککەوتنە داهاتێکی چەندین ملیار دۆلاری بۆ کەرتی وزەی ئەتۆمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دابین دەکات.
هاوکات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال روونیکردەوە، بڕگەیەک لەم رێککەوتنە 30 ساڵییەدا هەیە، تێیدا هاتووە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دامەزراوەیەک بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە سعوودی دروست دەکەن، ئەگەر بێتو لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش بیسەلمێنێت کە ئەمە کارێکی پێویستە.
لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات، لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، دژایەتیی خۆیان بۆ هەر پرۆژەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی لە سعوودی دەربڕیوە؛ بەو پێیەی ترسیان هەیە لەوەی لە داهاتوودا ئەم پرۆژەیە بۆ مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە پێشکەشی کۆنگرێس کرێت، هەرچەندە بەدەستهێنانی رەزامەندیی کۆنگرێس مەرج نییە بۆ تێپەڕاندن و جێبەجێکردنی.
پێشتر حووسییەکانی یەمەن، لەلایەن تارانەوە پشتگیری دەکرێن لەم هەفتەیەدا هەڕەشەیان کرد پانتایی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکەن، ئەوەش دوای سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئەمەریکا و ئێران، کاتێک رایانگەیاند بڕیاری قەدەخەکردنی هاتوچۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی سعوودی دەردەکەن.
هەفتەی رابردوو ئاڵوگۆڕی هێرش لەنێوان سعوودی و حووسییەکاندا روویدا، کە یەکەمین حاڵەتە لە دوای چەند ساڵی رابردوو و هەڕەشە بۆ سەر ئاگربەستی بەرقەراری ساڵی 2022 دروست دەکات.