ئامینە زکری: پلە و پۆست لە لای پارتی گرنگ نییە

ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: لە لای پارتی هەرگیز پلە و پۆست گرنگ نەبووە، ئەگەر پێداگری لە وەرگرتنی هەر پۆستێکیش بکات، بۆ ئەوەیە تا لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات.

شەممە 16ـی ئابی 2025، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو پەرلەمان کارا دەکرێت، دواتر لە ماوەی یاسایی خۆیدا سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و کابینەی نوێی حکوومەت پێکدەهێنرێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: پارتی هەمیشە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان کردووە، هەروەها هەرگیز لەلای پارتەکە پلە و پۆست گرنگ نەبووە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، "ئەگەر پارتی پێداگری لە وەرگرتنی هەر پۆستێکیش بکات، بۆ ئەوە بووە تا لەو رێگەیەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات".

هەر ئەمڕۆ عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتبووی: لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون لە ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارەکانی بکات. باسی لەوەش کردبوو، لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەنگاوی باشیان بڕیوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment