دهۆک.. بەهۆی تای خوێنبەربوون 27 گوند کەرەنتینە کران

لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون و گیانلەدەستدانی کەسێک بەو نەخۆشییە، ڕێوشوێنی توند گیراونەتەبەر و 27 گوند لە سنووری قەزای سێمێل کەرەنتینە کراون.

بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی دهۆک ڕایگەیاندووە کە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ، 27 گوند لە قەزای سێمێل کەرەنتینە کراون. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە چەند حاڵەتێکی گوماناوی نەخۆشییەکە تۆمارکرا و پیاوێکی گۆشتفرۆشی دانیشتووی کۆمەڵگەی دۆمیز کە لە بازاڕی ئاژەڵانی گوندی "دۆلبێ" کاری دەکرد، بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا.

بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە، بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی ناوچەکە کە ڕۆژانە سەدان کەس سەردانیان دەکرد، ئێستا بە تەواوی داخراوە و چۆڵ بووە. هەروەها کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و گواستنەوەی ئاژەڵ و بەرهەمەکانیان لەو گوندانەدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە.

عادل ئەنوەر، بەڕێوەبەری پشکی تەندروستیی ئاژەڵان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: 27 گوندمان کەرەنتینە کردووە. هاتووچۆی ئاژەڵ لەو گوندانە قەدەغەیە. ئامانجمان ئەوەیە نەخۆشییەکە زیاتر بڵاو نەبێتەوە و کۆنترۆڵی بکەین.

ئاژەڵدارانی ناوچەکە لە دۆخەکە نیگەرانن. عەبدوڵڵا ئورەیی، یەکێک لە ئاژەڵداران، دەڵێت: تیمەکانی تەندروستی هاتوون، دەرمانیان ڕشتووە و شوێنەکانیان پاککردووەتەوە. ئەمساڵ دوو جار ئاژەڵەکانمان کوتراون.

بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ چوار حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە و دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە. پێشتریش دوو حاڵەتی دیکە لە قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش تۆمار کرابوون و بووە هۆی کەرەنتینەکردنیان.

کەرەنتینەکردنی ئەم 27 گوندە لە سێمێل نوێترین ڕێکارە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنمایییەکان بن.

 
Fly Erbil Advertisment