بەرپرسێکی سوپای پاسداران: ئامادەین پەیوەندیمان لەگەڵ حووسییەکان پتەو بکەین

سەرکردەیەکی باڵای سوپای پاسداران ئامادەیی پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ حوسییەکان ڕادەگەیەنێت.

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئامادەیی سوپای پاسدارانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن ڕاگەیاند.

پەیامەکەی پاکپوور، کە هاوکات "پیرۆزبایی و سەرەخۆشی" بوو بۆ کۆچی دوایی سەرۆکی ئەرکانی حووسییەکان، محەممەد عەبدولکەریم غەماری، جەختی لەسەر پابەندبوونی سوپای پاسداران کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی "حوسییەکان و ڕزگارکردنی قودسی پیرۆز" و نوێکردنەوەی پەیمانی خۆی بۆ ئەو ئامانجانە.

ئەم لێدوانانەی ئێران چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت گرووپی حووسی، کوژرانی غەماری لە هێرشێکی ئیسرائیل و ئەمەریکادا پشتڕاستکردەوە. حووسییەکان 'یوسف حەسەن مەدانی'یان وەک سەرۆکی نوێی ئەرکانی هێزەکانیان دەستنیشان کرد.

هەروەها حزبوڵڵای لوبنانیش لە پەیامێکدا بۆ سەرکردەی حووسییەکان، سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی غەماری دەربڕی.

ڕۆژی پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، محەممەد عەبدولکەریم غەماری، سەرۆک ئەرکانی حووسییەکان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن حووسییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: بە خەڵکی یەمەن ڕادەگەیەنین، لەناو کاروانی کوژراوانی هێزەکانمان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە ژمارەکە بەرزبووەتەوە، لیوا ڕوکن محەممەد عەبدولکەریم غەماری هەیە لەگەڵ چەند یاوەرێکی و کوڕێکی بە ناوی حوسێن.

دوای ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیش حووسییەکانی یەمەن، دەستییان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەستپێکرد و وای کرد جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان کەم بێتەوە، لەماوەی دوایشدا عەبدولمەلیک حووسی، ڕێبەری حووسییەکانی یەمەن، فەرمانی دا هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بووەستێنرین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment