ڕێککەوتنی نێوان سووریا و ئیسرائیل نزیکە لە ڕاگەیاندن
بەرپرسێکی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی نێوان سووریا و وڵاتەکەی نزیکە لەوەی ڕابگەیەندرێت؛ دەشڵێت، لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەشیی سووری، ئەمەریکی و ئیسرائیلی بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکانی سەر سنوور پێکدەهێنرێت؛ هاوکات وەزیرێکی حکوومەتی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، سەرۆکی ئەمەریکا بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، "ئەحمەد شەڕی هێڵی سوورە.
چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، کەناڵی حەدەس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بەردەوامن بهم نزیكانهش ئهنجامیان دهبێت. جەختیشی لەوە کردەوە، ڕێککەوتنه چاوەڕوانکراوەکە هاوشێوەی ڕێککەوتنی ساڵی 1974 دەبێت لە نێوان هەردوو لا، بەڵام تێیدا چەند دەستکارییەکی بچووک کە پەیوەستن بە ڕێکخستنەکانی سنووری باشوورەوە دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێککەوتنەکە پێکهاتووە لە دامەزراندنی لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەشیی سووری، ئەمەریکی و ئیسرائیلی بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکانی سەر سنوور، لەگەڵ بوونی هێزی هاوبەش لە ناوچەی جەبەل شێخ بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە هەر چالاکییەکی چەکداری.
ئەو بەرپرسە ڕاشگەیاند، واشنتن بە تەلئەڤیڤی گوتووە، پرسی باشووری سووریا و درووزەکان پێش کۆتایی ئهم ساڵ چارەسەر دەکرێت.
هەروەها گوتیشی: حکوومەتی سووریا بەڵێنی بە ئەمەریکییەکان داوە، لە پارێزگای سوەیدا زیان بە درووزەکان نەگەیەنێت و کار بۆ دابینکردنی پێداویستی و بووژانەوەی پارێزگاکە بەمەبەستی مسۆگەرکردنی سەقامگیری بکات.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، ڕەتی دەکاتەوە ڕێڕەوێکی هاوکاری لە نێوان ئیسرائیل و پارێزگای سووەیدا دروستکرا بێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر پاڵپشتییەک یان هاوکارییەکی مرۆیی تەنیا لە ڕێگەی دیمەشقەوە دەگەیهنرێتەوە ئەو پارێزگایە.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری وەزیرێکی درووزی لە حکوومەتی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتووە، "درووزەکان هێڵی سوورن،" ترەمپ لە وەڵامدا گوتوویەتی: "ئەحمەد شەرعیش هێڵی سوورە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئیسرائیل و سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیەوەندییەکانیان و چارەسەرکردنی پرسی درووزەکان و ئەمنیەتی سنوورەکان چەندین جار کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکییان ڕانەگەیاندووە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان بڵاوی کردهوه، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل، ڕووبهڕووی کۆسپێکی لەناکاو بووەتەوە بەهۆی داواکاریی ئیسرائیلەوە بۆ کردنەوەی "ڕێڕەوێکی مرۆیی" بۆ پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا.
هەروەها لە مانگی تەممووز، ناکۆکی له نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستتێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل.