ئومێد باڵەبان: ناکرێ خۆت پێ هونەرمەند بێت و نەتوانیت تێکست و ئاوازێکی جوان بۆ گۆرانییەک هەڵبژێریت
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئومێد باڵەبان، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتەسەر کرچ و کاڵی گۆرانییەکانی ئەو سەردەمە و باس لە بەرهەمی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت: بەرهەمێکی نوێم هەیە و ئامادەیە بۆ تۆمارکردن، بەڵام ئەگەر وەکو پێویست شوێنێک هەبوو، کلیپێکی جوانی بۆ بکات و خەرجی بەرهەمەکەی لە ئەستۆ بگرێت، ئەوکات دەتوانم بەشێوازی کلیپیش بڵاویبکەمەوە.
باسێکی ئەزموونی خۆت لە کاروانی هونەریدا بکە؟
ساڵی 1994 سەرەتای کاری هونەری من بووە لەگەڵ گرووپی یەکێتی گشتی قوتابیان، ساڵی 1995 بوومەتە ئەندامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، ساڵی 1997 بوومەتە ئەندامی گرووپی بەڕێوەبەرایەتی هونەر و مۆسیقا سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە زۆربەی بەرنامە و کۆنسێرت و بۆنە تایبەتیەکاندا بەشداریم کردووە، لە چەندین کۆنسێرت لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان وەکو مۆسیقاژەن بەشداریم کردووە بە ئامێری "نای و باڵەبان"، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ سەگرمە، سیدییەکی میوزیکمان بەرهەم هێناوە کە چەند پارچە میوزیکێکی فۆلکلۆری کوردی تێدایە، هەروەها چەندین کاری دابەشکردنی مۆسیقا و دانانی ئاوازم بۆ هونەرمەندانی کورد ئەنجامداوە.
بۆچی لەئێستادا بەرهەمت کەمە؟
دوو هۆکار هەیە کە لە ئێستادا بەرهەمم کەمە، هۆکاری یەکەم من لە کوردستان نەبووم و ماوەیەکی زۆر لەدەرەوە ژیام، هۆکاری دووەم، ئەو ماوەیەی کە لەکوردستانم، هەوڵم زۆر داوە و بەرهەمم هەیە، بەڵام سپۆنسەر وەکو پێویست نییە تا بتوانم بەرهەمی نوێ تۆمار بکەم، هیوادارم لەداهاتوودا بتوانم ئەو بەرهەمانەی ئامادەم کردووە تۆماری بکەم.
گۆرانی "دونیای عەشق" دەنگی ئەو کچەی بە کۆڕس بەشدارە لەگەڵت، دەنگی ئەو کچە هەر دەنگی خۆتە؟
ئەو دەنگە من نیم، دەنگی کچێکە کە ناوی خاتوو ڕێزانە، کچی هاوڕێی زۆر خۆشەویسم هونەرمەند کازۆیە، ئەوکاتەی کە لە تورکیا کارم دەکرد، هاوکاریشم بوو بۆ وەرگێڕان، خاتوو ڕێزان دەنگێکی زۆر خۆشی هەیە، زۆر سوپاسی دەکەم کە هاوکارم لەو ئەلبوومە کە لە دوو بەرهەم وەکو کۆڕس لەگەڵم بەشدار بوو، لە "دونیای عەشق" و "ڕابردوو".
بۆچی گۆرانییەکانی ئەو سەردەمە ناچێتە ناو خەڵک؟
منیش لەگەڵ ئەوەدام کە گۆرانییەکانی ئێستا لەناو خەڵکدا نامێنێتەوە و هەر بۆ کاتێکی دیاریکراوە و وون دەبێت، هونەرمەندەکەش ڕەنگە لە شەش مانگدا شەش بەرهەم و کلیپی هەبێت، هێندە بەپەلە بۆ کۆکردنەوەی بینەر، هیندە بیر لە بەرهەمەکەی ناکاتەوە، ئەوەش هەڵەیە، بۆیە پەیداکردنی بینەر بەو شێوەیە هونەری شێواندووە، پێم سەیرە کەسێک بەخۆی بڵێت هونەرمەند و نەتوانێت تێکستێکی جوانی گۆرانی پەیدا بکات، یان ئاوازێک درووست بکات بۆ ئەرشیفی خۆی بمێنێتەوە، یان لەڕووی میوزیکەوە داهێنانێکی جوان بکات، ئەمانە هیچ نابینم، هەر گۆرانییەکە بەچەند ڕۆژێک درووست دەکات و تەنیا ئامانجی دەرکەوتنە لە شاشە، من تێبینی ئەوەم کردووە کە زیاتر گرنگی بە کلیپەکە دەدەن کە چەند کچێک ڕۆڵی تێدا ببینن و ڕەنگێکی جوان لە کلیپەکە پیشان بدەن بۆ چاوی بینەر، مۆسیقا و گۆرانییەکە کەموکوڕی زۆریشی تێدا بێت گرنگی پێنادات، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەیە تەمەنی گۆرانییەکانی ئێستا زۆر کەمە.
گۆرانییەکت بە پارەیەکی زۆر بەرهەمهێنا بەڵام بینەری کەم بوو، بەبەراورد بە گۆرانییەکی ترت کە بە پارەیەکی کەم بەرهەمهێنرا بەڵام بینەری زۆر بوو، هۆکارەکەی چی بوو؟
من ئەلبوومێکم تۆمارکرد و بڵاوم کردەوە، ناکرێ هەموو گۆرانییەکان بچنە ناو خەڵک و هەموویان بەدڵ بێت، من زیاتر بەشێوەی کلیپ بەرهەمەکانم چووە ناو خەڵک، گۆرانی "شای جوانان" و " گەشتەکە" چووە ناو خەڵک و زۆریان بەدڵ بوو، هەروەها یوتیوب وەکو ئێستە بەو فراوانییە نەبوو و خەڵکێکی کەم یوتیوبی هەبوو، ئینجا ئەو دوو بەرهەمەم یەک ملیۆن بینەری هەبوو، بۆیە ئەو ئەلبوومەم یەکێکە لە ئەلبوومە باشەکانم و شانازی پێوە دەکەم.
بوونی لایڤ میوزیک، هۆکارە بۆ ئەوەی بەرهەمی نوێ تۆمار نەکەیت؟
من هێندە هۆگری لایڤ میوزیک نیم، تەنیا ئەگەر شوێنێک شیاو بێت یان حەز بکەم دەچم، بۆیە ئەوە هۆکار نییە کە بەرهەمی نوێم نەبێت، من نامەوێت لەسەر گیرفانی خۆم بەرهەم تۆمار بکەم و خۆم قەرزار بکەم، هیچ داهاتێکیشی نابێت، چونکە دەیدەیتە کەناڵێک یاخود مەڵپەڕێک گەر بۆت بڵاوبکاتەوە دەبێ سوپاسگوزاریان بیت گەر بۆت بڵاوبکەنەوە.
پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟
بەرهەمێکی نوێم هەیە و ئامادەیە بۆ تۆمارکردن، بەڵام ئەگەر وەکو پێویست شوێنێک هەبوو، کلیپێکی جوانی بۆ بکات و خەرجی بەرهەمەکەی لە ئەستۆ بگرێت، ئەوکات دەتوانم بەشێوازی کلیپیش بڵاویبکەمەوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئومێد باڵەبان، لەساڵی 1982 لەشاری هەولێر لەدایک بووە، دەرچووی ناوەندییە، لەساڵی 1994 دەستی بەکاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین ئەلبوومی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.