ئیلهام ئەحمەد: شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا لە مەسکەنە بەردەوامە
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەردەی لەسەر پێشێلکارییەکی مەترسیدار لادا کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە ئەنجام دراوە.
شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: دوێنێ لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەزامەندییان نیشان دا لەسەر کشانەوەی تەواوەتەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات.
ئاماژەی بەوە کرد، بە داخەوە سوپای عەرەبیی سووریا، لەبری پابەندبوون بە بنەماکانی ڕێککەوتنەکە و پاراستنی سەقامگیری، هەستاون بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی ئاشکرا و هێرشکردنە سەر هێزەکانمان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: ئێستا پێکدادانی سەخت و شەڕێکی قورس لە ناوەندی شارۆچکەی مەسکەنە لە نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوامە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سوپای عەرەبیی سووریا بە تەواوی بەرپرسیارە لەم پێشێلکارییە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی، هەروەها لە هاندان بۆ توندوتیژی دژی هێزەکانی هەسەدە و تێکدانی ئەو هەوڵانەی کە بۆ چارەی ئاشتییانە خرابوونە گەڕیش بەرپرسیارە.
heavy clashes are now under way between both sides in Maskanah.
— Elham Ahmad (@ElhamAhmadSDC) January 17, 2026
We hold the STG fully accountable for this breach and for provoking violence against the SDF.
هەر ئەمڕۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە پێی ڕێککەوتنەکە دەبووایە دوای ئەوەی هێزەکانی هەسەدە بە تەواوی لە هەردوو شاری "دێر حافر" و "مەسکەنە" دەکشێنەوە، ئینجا هێزەکانی حکوومەتی سووریا بهاتابنە ناو شارەکان، بەڵام دیمەشق پێشێلکاری کردووە.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، نووسیبووی: بڕیارێکی یەکلاکەرەوەمان سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرکرد و، هێزەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکشێنینەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گوتوبووی: لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی دۆست و نێوەندگیر، هەروەها بۆ دەربڕینی نیازپاکی لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان دا.