یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت سزای نوێی ئابووری بەسەر ئێراندا بسەپێنێت
سەرەڕای ئەوەی ئابووریی ئێران لەژێر کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە قەیراندایە و بەهای دراوی ئەو وڵاتە دابەزیوە، یەکێتیی ئەوروپا داوای سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا دەکات.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا وەک هەڵوێستێک بەرانبەر رووداوەکانی ناوخۆی ئێران بڕیاری داوە بەمزووانە لیستێکی نوێی سزاکان پێشکەشی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بکات.
پێشبینی دەکرێت؛ سزاکان جگە لە قەدەغەکردنی گەشت لە ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێرانی، بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی وڵاتەکە بلۆک بکات و رێگری لە فرۆشتنی هەندێک پێداویستی و ئامێر بە ئێران بکات.
هەندێک لەو سزایانەی بڕیارە بەسەر ئێراندا بسەپێنرێن، پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و رووداوەکانی ئێران و بەشێکی دیکەی پێوەستە بە دابینکردنی درۆن لە لایەن ئێران بۆ رووسیا بە ئامانجی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکراینا.
لە رابردوودا، ئەوروپا هاوشێوەی ئەمریکا و کەنەدا، لە لیست و پاکێجی جیاوازدا سزای جۆراوجۆریان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دوای ئەوەی بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران گەیشتە 144 هەزار تومەن، ناڕەزاییەکان لە تاران سەریهەڵدا و پاشان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە ، داخوازییە ئابوورییەکان بە خێرایی رەهەندی سیاسییان وەرگرت و دۆخێکی نالەباری تەناهی و ئابووریی لەو وڵاتە هێناوەتە کایەوە.